بیۆرن هێگر ڕۆژنامه‌وانی به‌ناوبانگی ڕادیۆ سوید له کتێبی “ته‌کنیکی هەڤپەیڤین”دا ده‌نووسێ:
من عاده‌تم وایه لاپه‌ڕه کاغه‌زێکی A4 هه‌ڵگرم و له ناوه‌ڕاسته‌وه بینوشتێنمه‌وه. دوایه قه‌ڵه‌مێک هه‌ڵگرم و دوو وشه‌ی بچووکی له‌سه‌ر بنووسم. کاغه‌زه‌که له ستۆدیۆدا ـ کاتێ په‌خشی ڕاسته‌وخۆی ڕادیۆ به‌ڕێوه ده‌به‌م ـ له‌به‌رامبه‌ر خۆم داده‌نێم. کوتوپڕ پسپۆڕێکی پرسگەلی باڵکان، یا وه‌زیری باج یا خود سه‌ردادستێن دێ و له‌به‌رامبه‌رم داده‌نیشێ و قسه ده‌کا. له گه‌رمه‌ی قسه و باسه‌کاندا هه‌ودام لێدەشێوێ. له چاوترووکانێکدا قسه‌بێژه‌که بێده‌نگ ده‌بێ و نۆره‌ی من دێ پرسیاری لێبکه‌م. که‌چی من فه‌رامۆشم کردووه میوانه‌که‌م باسی چیی کردووه. هیچ پرسیارێکم له درێژه‌ی قسه‌کانیدا نییه. سترێسم به‌رزده‌بێته‌وه. ئادرێنالینم زۆر ده‌بێ و مێشکم هه‌ڵده‌چێ. نازانم میوانه‌که‌م کێیه، کام به‌رنامه پێشکه‌ش ده‌که‌م. له چ که‌ناڵێکه‌وه به‌رنامه بڵاو ده‌که‌ینه‌وه. سه‌عات چه‌نده و ناوی خۆم چییه؟! ئه‌و کات چاوم به‌م کوته‌کاغه‌زه ده‌که‌وێ که شتێکم له‌سه‌ر نووسیوه و به‌ده‌نگێکی به‌رز ده‌یخوێنمه‌وه:
“چۆناوچۆن؟”
که وامگوت میوانه‌که‌م درێژه به به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌کانی خۆی ده‌دا و من شانسی ئه‌وه‌م پێده‌درێته‌وه که هه‌وداکه بدۆزمه‌وه و گوێ له قسه‌کانی بگرم تا ئه‌و شوێنه سروشتییه‌ی نۆره‌ی پرسیارکردنم دێته‌وه.
“چۆناوچۆن” نه‌ته‌نیا ڕزگاریده‌ری منه له کاتی سترێسی په‌خشی ڕاسته‌وخۆدا، خۆشه‌ویستترین پرسیاری منیشه. پرسیارێکە که پێموایه له سه‌رجه‌م پرسیاره‌کانی تر باشتره.
“چۆناوچۆن” زوربه‌ی جاران واده‌کا که لایه‌نی هەڤپەیڤین هه‌وڵبدا جارێکی‌تر شته‌که ڕوون بکاته‌وه، به‌ڵام باشتر و پوختتر و ڕوونتر. “چۆناوچۆن” وا ده‌کا به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی‌تر گه‌شه بکه‌ن. “چۆناوچۆن” ده‌توانێ به مانای هه‌موو شتێک بێ، بۆ ئه‌وه‌ی داوا له که‌سێک بکا چیرۆکه سه‌رنجڕاکێشه‌که‌ی به‌رده‌وام بکات. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ لایه‌نی هەڤپەیڤین له‌سه‌ر وشه‌یه‌ک یا خود بۆچوونێک که ده‌ریبڕیوه ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر بدات، ئه‌وا ته‌نیا وشه‌که‌ی ئه‌وان دووپات که‌وه و “چۆناوچۆن”ێکی به‌دوادا بێنه: “سترێس؟ چۆناوچۆن؟” یا “گوتت گرنگیی پێنه‌درا، چۆناچۆن؟”
“چۆناوچۆن؟” پرسیاری پرسیارانه! ئه‌م شاپرسیاره له هه‌موو پێوه‌ندییه‌کدا کارایه و وه‌ڵامی باشتر به‌دوای خۆیدا دێنێ.
بەشێک لە کتێبی چاپنەکراوی “ئەوەی ڕۆژنامەوانێکی گەنج دەبێ بیانزانێ”، نووسینی ناسری سینا