سەد ساڵ لەمەوبەر بوو شەڕی یەکەمی جیهانی دەستی پێکرد. هەرچەند سوید ڕایگەیاندبوو نەچێتە ناو شەڕەوە و هیچ لایەنێکیش نەگرێ، کەچی دیسانیش دەنگی وا هەبوون کە بەپێچەوانەی ئەوەیان داوا دەکرد.
هەندێ دەیانەویست لە شەڕی جیهانیدا بەشدار بن و لاگری لە ئەڵمان بکەن. هاوکات لە گێژەنی ئەو بارودۆخەی شەڕدا نزیکەی هەزار کەسی سویدیش هەبوون کە خۆبەخشانە لە شەڕی ناوخۆیی فینلاندا بەشدارییان کردبوو.
گوننار ئۆسێلیووس (Gunnar Åselius) مێژووناس و مامۆستای فێرگەی بەرزی سوپایی دەگێڕێتەوە کە یەکێ لەو شەڕکەرانە، مامی ئۆلۆف پالمێ ـ سەرۆکوەزیری پێشووتری سوید ـ بوو:
ـ “تیپێکی سوپایی سویدی هەبوو کە زۆریش گەورە نەبوو، نەدەگەیشتنە هەزار کەس. کەچی دوای ماوەیەک خەڵکێکی یەکجار زۆر کە ئەفسەری پیشەیی بوون چوونە ناوی. هەروەها لێژنەی باڵای لەشکر و پلانەکانیان بەڕێوەدەبرد و ئەم جۆرە کارانە. مامی ئۆلۆف پالمێش کە ئەویش هەر ناوی ئۆلۆف پالمێ بوو، لەوێ لە شەڕی تاممرفۆشدا کوژرا. دوو منداڵی لەپاش بەجێما و هاوسەرەکەشی سکپڕ بوو. کابرایەکی تەمەنناونجی کە سەری خۆی هەلدەگرێ و دەچێتە شەڕ و دەکوژرێ و ماڵ و منداڵی بێسەرپەرست دێڵێتەوە.”
ئەمە پێیدەگوترا ئەکتیڤیسمی سویدی. ئەم بیرۆکەیەی کە سوید دەبوا لە شەڕی یەکەمدا بەشداریی کردبا و لایەنی ئەڵمانی گرتبا، بەو ئامانجەی کە بەر بە هەڕەشەی رووسیا بگرێ. هەروەها بۆ ئەوەی نیشانبدات کە سوید وڵاتێکی تەوەزەل و ناچالاک نییە.
ئامانج ئەوە بوو کە فینلاند لە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا ئازاد بکەن و ئۆلەند بخەنە سەر سوید و بەگشتی سوید بکەنە وڵاتێکی دەسەڵاتدار و ڕێبەر لە ئەورووپای باکووردا.
گوننار ئۆسێلیووس دەڵێ بیرۆکەکە جۆرێک ناسیۆنالیزمی مێژوویی بوو، خۆدەرخستنێک لەسەر ئەوەی سوید زلهێزە و پارێزەر و بەرگریکاری بەهاکانی ژیاریی ڕۆژئاوایە لە بەرامبەر هەڕەشەی ڕووسیادا.
ـ “لێرەدایە کە دەبێ سوید کاردانەوەیەک لە خۆ نیشانبدا دەنا لە داهاتوودا وەک وڵاتێکی جیددی حیسابی بۆ ناکرێ. بۆیە دەبێ شەرەف و شکۆی بپارێزرێ. سوید ئەم دەورەی هەبووە و وەها پلەیەکی بۆ خۆی داناوە کە لە بەرامبەر کەڵەگایی و بەربەرییەتی ڕۆژهەڵاتدا ـ مەبەست رووسیایە ـ بەرگری لە ئەورووپا و وڵاتانی بالتیک بکات. لەم پێناوەشدا بیرۆکەی دەوڵەتی یاسا و شتی وای هێنراوەتە گۆڕێ. لەو جێیەوە کە سوید وڵاتێکی زلهێز نەماوە بۆیەش ئەم گۆچانی ستافێتە دراوەتە ئەڵمانی قەیسەری. ئێستا ئیدی ئەوە ئەوانن ئەم دەورەیان هەیە.”
نوێنەرانی ئەم ئاکتیڤیسمە لە هەر دوو لایەنی چەپ و ڕاستەوە دەهاتن. ساڵی ١٩١٥ کتێبێک بلاوبۆوە، کە دەتوانین بڵێین ڕوونکردنەوەی پرۆگرامێک بوو لەسەر ئەوەی بۆچی بەشداریی سوید لە شەڕدا بۆ سوید زۆر باشترە لە بژاردەکانیتر. کتێبەکە باسی لەوە دەکرد کە چلۆن سوید دەبێ یەکێتی و هاوپەیمانێتییەکی سویدی ـ ئەڵمانی دروست بکات و چلۆن بەشداریی سوید لە شەڕدا بەشیکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر. بۆ نموونە وەرزێکی کتێبەکە تەرخاندرابوو بە ڕوونکردنی ئەوەی کە شەڕی جیهانی، لەڕاستیدا شەڕی نێوان فەرهەنگە جۆراوجۆرەکانە. نووسەرانی کتێبەکە پارتییەکانی ناسیۆنالیستی ڕاستگر و موحافەزەکار بوون، هەڵبەت سوسیالدیموکراتی لاگری ئەڵمانیشیان تێدابوو.
ـ “ئەم ئەکتیڤیسمەی سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی، مانیفێستیک بوو هاوپێوەند لەگەڵ ئەم کتێبەی ساڵی ١٩١٥ هاتە دەرێ و ئەم ناوەی هەبوو: سیاسەتی دەرەوەی سوید لە ژێڕ ڕۆشنایی شەڕی جیهانیدا، بە سویدی: (Sveriges utrikespolitik i världskrigets belysning). جگە لەو نووسەرە موحافەزەکارانە، سێ سوسیالدیموکراتیش لە نووسینی کتێبەکەدا هاوکارییان کردبوون. ئەم سێ کەسە زۆر زوو لە حیزبەکەیان دەرکران.”
سەرەڕای هەموو ئەوانە سوید هەرگیز بەکردەوە لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا بەشداریی نەکرد. چالاکوانان هەرگیز نەیانتوانی هاوپەیمانییەکی ئەڵمانی ـ سویدی پێکبێنن و سەرۆکایەتیی هەموو حیزبەکانی پەرلەمان ئیدانەی ئەکتیڤیسمیان کرد و پارێزگارییان لە بێلایەنی کرد. بەڵام بیرۆکەی ئاکتیڤیسمی سویدی دیسانیش توانی کاریگەریی لە سەر هەندێ گرووپی سەربەخۆی سویدی دانێ. ئەمە تا دەستپێبوونی شەڕی دووەم خایاندی کە تێیدا ٨٠٠٠ سویدی بەشێوەی خۆبەخشانە لە شەڕی زستانی فینلانددا بەشدار بوون، کە لە ٣٠ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٣٩دا روویدا.