سوید له سێ ئاستی جیاوازدا خودانی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكه: پەرلەمان له ئاستی نه‌ته‌وایه‌تیدا، شۆرای پارێزگاكان له ئاستی هه‌رێمیدا و، كۆمۆنه‌كان له ئاستی ناوچه‌ییدا. ئه‌م ئۆرگانانه خاوه‌نی بازنه‌ی به‌رپرسێتی و ئه‌ركی جیاوازن.
كۆمۆنه‌كان له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كۆمۆن و، شۆراكانی پارێزگا له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی پارێزگاوه ئیداره ده‌كرێن و ئه‌ندامانی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌ن هه‌ر چوار ساڵ، جارێك ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرێن. هه‌ڵبژێردرانی ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه هاوكات له گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانه واتا سێهه‌م یه‌كشه‌ممه‌ی مانگی سێپته‌مبه‌ر. شۆراكانی پارێزگا و كۆمۆنه‌كان به چه‌شنێكی سه‌ربه‌خۆ خاوه‌نی مافی وه‌رگرتنی باج (ماڵیات، زه‌ریبه) و بڕیاردانن. له ده‌ستووری كۆمۆنه‌كاندا، یاساگەلی ئه‌م كارانه دیاری‌كراون.
پارێزگاكان، نوێنه‌رانی حکوومه‌تن له ئاستی هه‌رێمیدا و ده‌كرێ بڵێین ئه‌ركی جێگریی حکوومەتیان له پارێزگاكاندا به ئه‌ستۆوه‌یه. سه‌رۆكایه‌تیی به‌رزی پارێزگاكان، به پارێزگار (ئوستاندار)ە كه له لایه‌ن حکوومەته‌وه دیاری ده‌كرێ. نوێنه‌رانی جێگر له پارێزگاكان، له لایه‌ن شۆرای پارێزگاوه دیاری ده‌كرێن.
پەرلەمانی سوید، ئه‌نجومه‌نی یاسادانه‌ری وڵاته كه نوێنه‌رانی هه‌ر چوار ساڵ جارێك له لایه‌ن خه‌ڵكی سویده‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن. سه‌رۆكوه‌زیر له لایه‌ن پەرلەمانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێ و سه‌رۆكوه‌زیریش خۆی ئه‌ندامانی‌تری كابینەی حکوومەت دیاری ده‌كات.
سوید له ساڵی ١٩٩٥‌ەوه بۆته ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌تری ئەندامدا له بواری ئابووری، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی و كێشه‌ی پۆلیس و دادگاكانه‌وه هاوكاری ده‌كات.
كۆمۆن
———–
له سوید ٢٨٩ كۆمۆن هه‌یه. ئه‌م كۆمۆنانه به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو خاوه‌نی مافی خۆئیداره‌كردنن و بۆ نموونه له بواری فێرگه سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندییه‌كان، باخچه‌ی منداڵان (كووده‌كستان)، ئاگاداری له به‌ساڵاچوان، كاروباری ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌بایان به‌ئه‌ستۆوه‌یه. كۆمۆنه‌كان هه‌روه‌ها مافی ده‌ركردنی ئیزنی بۆوێنه بیناسازی، قاوه‌خانه و چێشتخانه‌شیان هه‌یه و له گه‌لێ بواری وه‌ك گەشەی ئابووری، گه‌شت و سه‌یران و كولتوور له شاره‌كاندا چالاكی ده‌كه‌ن.
ئه‌نجومه‌نی كۆمۆن، به‌رزترین به‌رپرسی بڕیاردانه له كۆمۆندا كه له سیاسه‌توانانی هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵك پێك دێ. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه وه‌ك پەرلەمانێكی ناوچه‌یی كار ده‌كات. ئه‌نجومه‌نی كۆمۆن، ئه‌ندامانی كۆڕی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كۆمۆن دیاری ده‌كا تكه ئه‌ركی ڕێبه‌رایه‌تی و هاوئاهه‌نگیی كاری ئیداره‌ی كۆمۆنیان به‌ئه‌ستۆوه‌یه.
جگه له‌مه‌ش چه‌ندین كومیته‌ی‌تر هه‌ن كه ئه‌ركی سه‌رپه‌رستیی ئه‌م كاروباره جۆراوجۆرانه‌یان له سه‌ر شانه كه له ئه‌نجومه‌نی كۆمۆندا دێنه گۆڕێ. كومیته‌كان به‌رپرسی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و بڕیارانه‌ن كه ئه‌نجومه‌نی كۆمۆن داونی. ئه‌و كومیتانه له هه‌ندێ كاریشدا مافی بڕیاردانیان هه‌یه. ژماره و ناوی كومیته‌كان له هه‌ر كۆمۆنێكدا ڕه‌نگه جیاواز بێ.
ئه‌ركی كۆمۆنه‌كان له یاسای كۆمۆن و چه‌ندین یاسای‌تردا بۆوینه یاسای خزمه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، یاسای بیناسازی و یاسای فێرگه‌كاندا دیاری كراوه.
شۆرای پارێزگا
—————-
شۆرای پاریزگا ئه‌ركی ئه‌وه‌یه كه ئیداره‌ی ئه‌م كاروبارانه بكات كه به ته‌نیا بۆ كۆمۆن خه‌رجێكی زۆر هه‌ڵده‌گرن. له سویددا ١٨ شۆرای پارێزگا هه‌ن و دوو شۆرای هه‌رێمی و كۆمۆنێك (كۆمۆنی گۆتله‌ند) كه سه‌ر به هیچ شۆرایه‌كی پارێزگا نین. ئه‌ركی سه‌ره‌كیی شۆرای پارێزگاكان، به‌رپرسێتیی كاروباره پزیشكییه‌كان و خزمه‌ته ده‌رمانییه‌كانی وڵاته. شۆرای پارێزگاكان هه‌روه‌هابه‌رپرسی به‌رنامه‌داڕشتنی خزمه‌ته ددانپزیشكییه‌كانی به‌شی ئەهلی و به‌شی گشتیی وڵاتیشن. هه‌موو خزمه‌ته ددانپزیشكییه‌كانی حکوومەتی یا به واتایه‌كی‌تر گشتی، له چوارچێوه‌ی شۆرای پارێزگاكاندا به‌ڕێوه‌ده‌چن.
شۆرای پارێزگاكان جگه له‌م ئه‌ركانه، ئیداره‌ی كاروباری ڕاگواستن و هاتوچۆی موسافیران له ناو پارێزگاشیان به ئه‌ستۆوه‌یه. شۆرای پارێزگاكان هه‌روه‌ها له بواری په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌ی هه‌رێمیشدا تێده‌كۆشن و پشتگیری له به‌شی ئابووری و گه‌شت و سه‌یران و ژیانی كولتووریی هه‌رێمیش ده‌كه‌ن.
ئه‌نجومه‌نی شۆرای پارێزگا، به‌رزترین به‌رپرسی بڕیاردانه له شۆرای پارێزگادا كه له سیاسه‌توانانی هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵك پێك دێ. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه وه‌ك پەرلەمانێكی هه‌رێمی كار ده‌كات. ئه‌نجومه‌نی شۆرای پارێزگا، ئه‌ندامانی كۆڕی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شۆرای پارێزگا دیاری ده‌كات كه ئه‌ركی ڕێبه‌رایه‌تی و هاوئاهه‌نگیی كاری ئیداره‌ی شۆرای پارێزگایان به‌ئه‌ستۆوه‌یه. جگه‌له‌مه چه‌ندین كومیته‌ش هه‌ن كه به‌و كاروبارانه‌وە خەریکن کە له ئه‌نجومه‌نی شۆرای پارێزگادا دێنه گۆڕێ. ئه‌م كومیتانه‌ش ده‌بێ بڕیاره دراوه‌كان به‌ڕێوه‌به‌رن.
ئه‌ركی شۆرای پارێزگا بۆ نموونه له یاسای كۆمۆنه‌كاندا دیاری كراوه.
دایره حکوومەتییه‌كان
————————
له سوید نزیكه‌ی ٣٠٠ كومیته، ڕێكخستن، دایره و شه‌ریكه‌ی حکوومەتی هه‌ن كه له ژێر ڕێبه‌ریی حکوومەتدا كار ده‌كه‌ن و سه‌ر به وه‌زاره‌تخانه جۆربه‌جۆره‌كانن. ئه‌ركی ئه‌مانه له كرده‌وه‌دا به‌ڕێوه‌بردنی په‌سه‌ندكراوه‌كانی حکوومەت و پەرلەمانه. دایره حکوومەتییه‌كان، سه‌ربه‌خۆن. به‌م مانایه كه خۆیان كاروباری خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن به‌ڵام دیاره به پێی ڕێوشوێنێك كه له په‌یڕه‌ونامه‌كانی حکوومەتیدا دیاری كراون. شۆرای كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، دایره‌ی گشتیی بیمه (زه‌مان)ی وڵات و شۆرای بازاڕی كار چه‌ند نموونه‌یه‌كی ئه‌م دایره حکوومەتییانه‌ن. نموونه‌یه‌كی‌تر شه‌ریكه‌ی سه‌هامیی ڕادیۆی سویده.
سندووقی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
———————————–
له سویددا سندووقی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئیداره‌ی سیستێمی گشتیی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به ئه‌ستۆوه‌یه كه دابینكه‌ری پێداویستییه ئابوورییەکانە له كاتی نه‌خۆشی، كه‌مئه‌ندامێتی، به‌ساڵاچوون و ئاگاداری له منداڵاندا. سندووقی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌روه‌ها له باری هاوئاهه‌نگی بۆ هێزبه‌خشینه‌وه به نه‌خۆشان و كه‌مئه‌ندامان بۆ گه‌ڕانه‌وه سه‌ركاریش چالاكی ده‌كات.
نزیكه‌ی ٢١ سندووقی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ن كه هه‌موویان له باری ئیدارییه‌وه سه‌ربه‌خۆن و نه حکوومەتین و نه كۆمۆنی. بودجه‌ی ئه‌م سندووقانه‌ی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له ڕێی داهاتی حکوومەتییه‌وه دابین ده‌كرێن.
هه‌ر سندووقێكی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی ئیداره ده‌كرێ. كومیته‌ی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه له نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك پێك دێن و له سه‌ر هه‌ندێ په‌روه‌نده بڕیار ده‌ده‌ن. هه‌ر كام له سندووقه‌كانی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له لایه‌ن بیرۆیه‌كی ناوه‌ندییه‌وه ئیداره ده‌كرێن به‌ڵام له ڕێی ئیداره جۆراوجۆره‌كانییه‌وه كه له كۆمۆن و ناوه‌ندی شاره‌كاندا دامه‌زراون په‌یوه‌ندیان به خه‌ڵكه‌وه هەیە.
حکوومەت
————
حکوومەت به سه‌ر سویددا حكوومه‌ت ده‌كا و ڕێبه‌رێتییه‌كه‌ی به سه‌رۆكوه‌زیره كه هاوئاهه‌نگیی كاری کابینەی حکوومەت و به‌رپرسێتیی سەرەکیی سیاسه‌ته‌كانی حکوومەتی به ئه‌ستۆوه‌یه. سه‌رۆكی پەرلەمان، كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیری پێشنیار ده‌كا و بێت و پەرلەمانیش قه‌بووڵی بكات، ئه‌وا ده‌بێته سه‌رۆكوه‌زیر.
كابینەی حکوومەت له چه‌ندین وه‌زیر پێك دێ كه له لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیره‌وه دیاری ده‌كرێن. زۆربه‌ی ئه‌م وه‌زیرانه، سه‌رۆكی وه‌زاره‌تخانه‌ن بۆ نموونه وه‌زیری به‌ره‌نگاری و وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه. باقی وه‌زیره‌كان سه‌ر به وه‌زاره‌تخانه‌یه‌كن و هه‌ندێ ئه‌ركی تایبه‌تییان له لایه‌ن سه‌رۆكی وه‌زاره‌تخانه‌وه ده‌خرێته سه‌رشان بۆ نموونه وه‌زیری پەروەردە، وه‌زیری یارمه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه و وه‌زیری بازرگانی.
وه‌زاره‌تخانه‌كان به گشتی له بواری ئاماده‌كردنی كاروبار و په‌روه‌نده‌كان بۆ حکوومەتدا كار ده‌كه‌ن بۆ نموونه گه‌ڵاله‌كردنی بودجه‌ی ئابووریی حکوومەت یا پێشكه‌شكردنی پێشنیاری لایحه‌كان. كاتێ حکوومەت لایحه‌یه‌كی ئاماده كرد (پێشنیازەیاسا) ئه‌وا بۆ بڕیاردران له سه‌ری پێشكه‌ش به پەرلەمانی ده‌كات.
كاتێ پەرلەمان ده‌رباره‌ی لایحه‌یه‌ك بڕیاری دا، ئه‌وا حکوومەت به‌رپرسه به‌ڕێوه‌ی به‌رێ. حکوومەتیش به‌ڕێوه‌بردنی به‌كرده‌وه‌ی بڕیاره‌كان ده‌سپێرێته ده‌س ئیداره حکوومەتییه جۆراوجۆره‌كانەوە. ئیداره حکوومەتییه‌كان سه‌ربه‌خۆن. به‌و مانایەی خۆیان كاروباری خۆ به‌ڕێوه ده‌به‌ن به‌ڵام دیاره به‌پێی ڕێوشوێنێك كه له په‌یڕه‌ونامه‌كانی حکوومەتیدا دیاری كراون.
حکوومەت هه‌روه‌ها ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تیی سویدی له شۆرای وه‌زیرانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا له سه‌ر شانه و له كۆبوونەوە‌كانیدا به‌شدار ده‌بێ و جگه له‌مه، له شوێنه په‌یوه‌ندیداره‌كانی سه‌ر به شۆرای وه‌زیرانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا وه‌شوێن ئه‌و مه‌سه‌لانه ده‌كه‌وێ كه له ڕوانگه‌ی حکوومەته‌وه خودان گرنگین.
پەرلەمان
————
پەرلەمان یاسا داده‌نێ و داهات (باج، ماڵیات) و خه‌رجه‌كانی حکوومەت دیاری ده‌كات. پەرلەمان به سه‌ر كاری حکوومەت و دایره حکوومەتییه‌كاندا چاوه‌دێری ده‌كات و له سەر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه هه‌ڵوێست ده‌گرێ.
هه‌ڵبژاردنی پەرلەمان هه‌ر چوار ساڵ جارێك له ڕێی هه‌ڵبژاردنی گشتی و به شێوه‌ی ده‌نگدانی نهێنی به‌ڕێوه ده‌چێ. له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا ٢٤٩ كورسیی نوێنه‌رێتیی پەرلەمان له نێوان ڕێكخراوه جۆراوجۆره‌كاندا به پێی ڕێژه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی وه‌ریان گرتووه دابه‌ش ده‌كرێ.
كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی پەرلەمان، پێی ده‌گوترێ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری. كاری پەرلەمان له لایه‌ن سه‌رۆكی پەرلەمانه‌وه ئیداره ده‌كرێ كه بۆ نموونه سه‌رۆكی جڤینه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیشه. سه‌رۆكی پەرلەمان هه‌روه‌ها ئه‌ركی گرنگی پێشنیاری كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیریی به ئه‌ستۆوه‌یه كه دواتر ده‌بێ پەرلەمانیش په‌سه‌ندی بكات.
بڕیاره‌كانی پەرلەمان له سه‌ر بنه‌مای پێشنیاره‌كانی حکوومەت (لایحه‌كان)، یا یه‌كێ له نوێنه‌رانی پەرلەمان (گه‌ڵاله) دامه‌زراون. بڕیاره‌كان له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه ده‌درێن به‌ڵام ده‌بێ پێشوه‌خت له لایەن یه‌كێ له ١٦ كۆمیسیۆنی ته‌خه‌سوسیدا لێی كۆڵرابێته‌وه و له شێوه‌ی ڕاپۆرتێك بۆ پەرلەمان، پێشنیاری چۆنه‌تیی بڕیاردانه‌كه پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. گرووپی پەرلەمانیی حیزبه‌كان به‌ر له‌وه‌ی کێشه و بابه‌ته جۆراوجۆره‌كان بخرێنه ڕۆژه‌ڤ و ناو كۆمیسیۆن و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه، به خه‌ستی تاووتوێیان ده‌كه‌ن و گفتوگۆ‌ی له سه‌ر ده‌كه‌ن.
هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانی پەرلەمان ئاشكران و خه‌ڵك ده‌توانن له شوێنی تایبه‌تیی به‌شدارانه‌وه بینه‌ری و بیسه‌ری باس و لێدوانه‌كان بن. ئەنجامی ده‌نگدانه‌كان له پەرلەمانیشدا ئاشكران، واتا د‌ە‌كرێ بزانیت هه‌ر نوێنه‌ره‌و چ ده‌نگێكی داوه.
یه‌كێتیی ئه‌ورووپا
—————————-
سوید له ساڵی ١٩٩٥ ە‌وه ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌ورووپایه. ئه‌م هاوكارییه به‌ربڵاوه و گه‌لێ پرسی هاوبه‌ش بۆ نموونه ئابووری، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و هاوكاریی هێزه‌كانی پۆلیس ده‌گرێته‌وه.
وڵاتانی ئه‌ندام له زۆر بواردا هاوكاریی یه‌كتر ده‌كه‌ن به‌ڵام نەک له هه‌موو بوارێكدا، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر وڵاتێكی ئه‌ندام خۆی گه‌لێ جاران بڕیاری سه‌ربه‌خۆ ده‌گرێ بۆ نموونه له سه‌ر كێشه‌ی خزمه‌ته ده‌رمانییه‌كان، به‌رگری، فێركردن و په‌رو‌ە‌رده و سیاسه‌تی خانووبه‌ره.
بڕیاره هاوبه‌شه‌كانی وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا پێویسته له لایه‌ن هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه به‌ڕێوه بچن. ته‌نانه‌ت بێت و وڵاتانی ئه‌ندام له سه‌ر هه‌ندێ بڕیاردا نه‌یاریش بن، به‌م حاڵه‌وه ده‌بێ هه‌ر به‌ڕێوه‌یان به‌رن. له‌م ڕووه‌وه ئه‌ندامێتیی سوید له یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا به‌م مانایه‌یه كه پەرلەمان ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان له سه‌ر هه‌ندێ كێشه‌ی به یه‌كێتیی ئه‌ورووپا سپاردووه.
بڕیاره‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌لایه‌ن پەرلەمانی ئه‌ورووپا و شۆرای وه‌زیرانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپاوه كه وه‌زیرێكی كابینه‌ی سویدیش تێیدا ئه‌ندامه ده‌درێن. پەرلەمانی ئه‌ورووپا له‌م نوێنه‌رانه پێك هاتووه كه هه‌ر چوار ساڵ جارێك له لایه‌ن خه‌ڵكی وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئیمكانی ئه‌وه ده‌درێته گشت ئه‌و كه‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه كه نوێنه‌رانی وڵاتی خۆیان بۆ پەرلەمانی ئه‌ورووپا هه‌ڵبژێرن.
Foto: Ulf Grünbaum / Helikopterfoto