لە بشێویی ژیاندا، ١٩٣٠
شیعری نیلز فەرلین، شاعیری سویدی (١٩٦١ـ ١٨٩٨).
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە بشێویی ژیاندا
هەر کام بە ئاراستەی خۆماندا دەڕۆین.
چاومان پێک دەکەوێ و
(وەک ئەکتەر) دەوری خۆمان دەگێڕین.
بیر و هزرمان لێک دەشارینەوە و
برینەکانمان و
دڵەکانیشمان، کە زرمەزرم دەکوتن.
تابلۆکانمان هەموو بەیانییەک
بە قولاپەوە بە دەرگاوە هەڵدەواسین و
باسی هەوا و با دەکەین.
لە بشێویی ژیاندا
ئێمە زۆر لە تەنیشت یەکترەوە دەڕۆین
کەچی دیسان
یەکجار لە یەکترەوە دوورین.
ــــــــــــــــــــــ
پەیکەرێکی نیلز فەرلین لە مەیدانۆکەیەک هەر بەو ناوە، لە شەقامی کلارابەریسگاتان، هەڵکەوتوو لە ناوەراستی شاری ستۆکهۆڵم و لەبەردەم قاوەخانەیەک بە ناوی “کاففێ ڕێپێت” نێژراوە کە جگەرەیەکی بە دەمەوەیە و دەستەکانی هەڵیناون. دەڵێی تازە جگەرەکەی داگیرساندووە.