باوكی ڕه‌حمه‌تیم خه‌ڵكی حه‌مامیان بوو و دایكی ڕه‌حمه‌تیم خه‌ڵكی مه‌ڵڵاله‌ره. هه‌ر دوو له مه‌حاڵی بۆكان، به‌ڵام پێنج كوڕ و دوو كچه‌كانیان هه‌موو سابڵاغین. ئه‌و دوو برایه‌شم هه‌روا، كه به‌ر له‌وه‌ی به خزمه‌تیان بگه‌م، مردن!
گۆیا له چله‌ی هاوینی ساڵی ١٩٦٢دا له گه‌ڕه‌كی سێ‌ئاشانی مه‌هاباد له دایك بووم. باوكم زۆر حه‌زی لێ‌بوو ببمه مه‌لای دوازده عیلم، به‌خته‌وه‌رانه نه‌بووم. خۆم حه‌زم له مۆسیقا بوو كه پێی نه‌گه‌یشتم. هه‌روه‌ها له ڕۆژنامه‌وانی، كه ئه‌ویش هیچ!
دوازده ساڵه بووم كه به كتێبێكی بیست سی لاپه‌ڕه‌یی كه پێم وایه محمدامینی میسری نووسیبووی و هه‌ر خۆشی ده‌یفرۆشت، بووم به كوردی‌زان! زۆر زوو زه‌نده‌قم له نووسه‌ره‌كه‌ی چوو چونكه پاش ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی پێ‌فرۆشتم، ترساندمی كه نه‌كا ساواك به‌م نهێنییه بزانێ كه‌وا پاڵه‌وان په‌مۆ شتی قاچاغی ده ماڵێدایه. منیش له ترسان هه‌موو ڕۆژێ هه‌ر له ئاوده‌ستخانه‌ی ماڵێ‌دا هه‌ڵده‌ترووشكام و تا ئه‌ژنۆم ده‌ته‌زین و بۆگه‌نیو قڕی ده‌كردم، ده‌مخوێنده‌وه. كه‌چی خۆم پتر له دوو هه‌فته پێ‌ڕانه‌گیراو گرم ڕازه‌كه‌م بۆ برا گه‌وره‌كه‌م گێڕایه‌وه. ئه‌ویش چون زۆر زیره‌ك و میهره‌بان بوو گرم به‌ڵام سووك، بیرازی كردم. دوایه‌ش وه‌ك پیاوان ئه‌و كتێبه گرانباییه‌ی له كونی ئاوده‌ستخانه‌كه‌دا ئه‌نجنی. ورد ورد. دوو سێ مه‌سینه‌شی ئاو پێدا كرد.
له گه‌رمه‌ی شۆڕشی ئێران‌دا، ئه‌و كاته‌ی كه‌س تاقه‌تی ده‌رس خوێندنی نه‌بوو كاكی خۆت دیپلۆمی علوومی ته‌جروبیی له ته‌ورێز و ساڵێك دواتر ئه‌ده‌بیاتیشی له مه‌راغەی وه‌رگرت. خێری له هیچیشیان نه‌بینی. بۆیه‌ش ماڵێ هه‌ڵیانداشتمه ته‌ورێز و مه‌راغه‌ی، تا به‌شكی خودێ له به‌ڵای لابه‌لا به‌دوور بم.
ساڵی ١٩٨١ وه‌ك كه‌ران چوومه سه‌ربازی و دوای دوو ساڵان به برینداری له به‌ره‌ی شه‌ڕی ئێران و ئێراق گه‌ڕامه‌وه. ڕێك له‌و كاته‌دا بوو كه وه‌كی برێی به عوكمی خودای، گه‌له‌كی حه‌زم له ژن‌هێنانێ بوو به‌ڵام كه‌س گووی به كڵاوان نه‌پێوام. منیش ده‌سنوێژم هه‌روا به نه‌شكاوی مایه‌وه.
هاوینی ١٩٨٤ له به‌شی كوردیی ڕادیۆ مه‌هاباددا ده‌ستم به كار كرد. له چیرۆكی شه‌ودا ده‌ورم ده‌گێڕا، به‌رنامه‌م بۆ منداڵان و قوتابیان و په‌ككه‌وتان و كابانانی ماڵێ ده‌نووسی. هه‌موو ڕۆژێ ده‌یان لاپه‌ڕه قۆڕیاتم له فارسییه‌وه ته‌رجومه ده‌كرده‌وه و بۆ عاله‌مێم ده‌خوێنده‌وه، یان ئه‌وه‌ی ده‌یاندا قوڕبه‌سه‌رێكی‌تر بیانخوێنێته‌وه. بووبووم به مامۆستای هونه‌ر و دین و دنیا و ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵناسی و كشت و كاڵ و زانست و هتد. هه‌ڕه‌م له بڕه‌ی هیچیش نه‌ده‌كرد. هه‌ر وه‌ك ئێستا.
پاییزی ١٩٨٥ بووم به مامۆستای ده‌وره‌ی ڕاهنو‌مایی قوتابخانه‌ی مه‌لا جامیی مه‌هاباد به‌ڵام چونكه سه‌رۆكی به‌ڕێزی ئیداره‌ی فێركردن و بارهێنان پێی وابوو زۆر زلقسه‌م له شاره‌وه بۆ دوو گوندی گوێك‌ته‌په و كۆسه‌كه‌رێز دووری خستمه‌وه، دوای ساڵێكیش وه‌ك پیاوان به یه‌كجاری ده‌ریكردم!
پاییزی ١٩٨٦ چوومه تاران و هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌رس‌خوێندنم له زانستگا، له به‌شی ده‌ره‌وه‌ی سنووری ڕادیۆ تله‌فزیۆنی كوردیی تاران درێژه‌م به كاری ڕادیۆیی دا. له‌وێش كار نه‌بوو نه‌یكه‌م. له نووسین و وه‌رگێڕان و وێژه‌ری و ده‌ورگێڕان، هه‌تا به‌ڕێوه‌به‌ریی دۆبلاژ و تۆماركردنی ده‌نگ و ئاماده‌كاریی به‌رنامه. له حه‌زلێكردوویی و ئه‌و شته‌ی پێم وابوو كوردایه‌تیی ناوه هه‌تا به‌ڕێوه‌بردنی كۆڕی چه‌ند هه‌زار كه‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بیی خوێندكاران. یه‌ك دوو ساڵیش له تله‌فزیۆنی كوردی كارم كرد. له‌وێش جاروبار جلكی فه‌قێیانم ده‌كرده به‌ر و ئه‌ده‌بی ئایینیی كوردیم ده‌وه‌شانده‌وه. یان مۆنتاژی فیلمم ده‌كرد و كاری بیلامانێ ده‌رهێنان و شتی وا. سه‌ر له ئاخر به چله‌ی هاوینی ساڵی ١٩٩٣ له ڕادیۆ تله‌فزیۆنی كوردیی تارانێش ده‌ریان كردم. ڕه‌ببی خودا خێریان بۆ بنووسێ و ماڵیان سه‌د جار ئاوه‌دان بێ!
ساڵی ١٩٩٢ به‌شی ئه‌ندازیاریی سینه‌ما، لقی سیناریۆنووسیم له زانكۆی سینه‌ما و شانۆی زانستگای هونه‌ری تاران ته‌واو كرد. جا سینه‌ما چی به ئه‌ندازیاری داوه، مه‌گین خودا هه‌ر بۆخۆی بزانێ وه‌ڵڵا، له من مه‌پرسن!
زستانی ١٩٩٣ په‌ڕیوه‌ی وڵات بووم و به توركیه‌دا هاتمه ده‌رێ و له ستۆکهۆڵم گیرسامه‌وه. له سایه‌ی ڕێنوێنیی وه‌ستایانه‌ی كابرای قاچاغچی، دوو ساڵ و نیوی ڕه‌به‌قی خایاند تا ئیقامه‌تم وه‌رگرت. له‌و ماوه‌یه‌دابۆ ئه‌وه‌ی له به‌ر بێكارییان پیاو نه‌كوژم له گه‌ڵ یه‌ك دوو براده‌ری له خۆم بێكارتر ڕادیۆیه‌كی كوردیی ناوچه‌ییمان دامه‌زراند به‌ناوی په‌نجه‌ره كه هه‌فته‌ی پازده سه‌عاتان وه‌شانی ده‌كرد و سه‌ری خۆ و خه‌ڵكمان پێ گه‌رم ده‌كرد. دوایه‌ش جه‌نابم له ترسی قه‌رز و قۆڵه، تێم قوولاند و ڕادیۆكه‌م به میرات بۆ هاوكارانم به‌جێهێشت.
دوو ساڵانیش وه‌ختی خۆم به فیڕۆدا و كۆمپیۆته‌ر و ماڵپه‌ڕچێكردن و ئه‌و به‌زم و هه‌ڵڵایه‌م خوێند و هه‌وه‌ڵین و ئاخرین چه‌قه‌خانه‌ی كوردیم دانا و یه‌كه‌م ماڵپه‌ڕی كوردی سۆرانیش كه له به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ناوێكی‌ترم بۆ نه‌دۆزراوه هه‌ر به ماڵپه‌ڕ نێوكیم بڕی. ئێستاش وا له‌و ماڵپه‌ڕه وه‌ڕه‌ز بووم كه ئه‌وا دوو ساڵ زیاتره ته‌نانه‌ت به‌رگه شڕه‌كه‌شیم لێنه‌گۆڕیوه.
چونكه تازه ئاوی ڕادیۆ تله‌فزیۆنم وه وێ كه‌وتبوو خۆم پێ ڕانه‌گیرا و دیسانیش گه‌ڕامه‌وه ئه‌وێ. ئه‌وه بوو كه هاوینی ١٩٩٦ بووم به هاوكاری به‌شی فارسیی ڕادیۆی نێونه‌ته‌وه‌یی سوید و له به‌هاری ٢٠٠٠دا به‌رنامه‌ی كوردیی ئه‌م ڕادیۆیه‌م دامه‌زراند. ئێستاش چونكه هیچ كارێكی‌تر نازانم هه‌ر تێیدا به‌رده‌وامم. دیاره كاری كولتووریم پێ ناكرێ بۆیه حه‌زم چۆته سه‌ر ده‌نگ و باسی سیاسی. نه‌ك سیاسه‌ت، كه ته‌نانه‌ت ڕازی نیم سووكه مه‌له‌یه‌كیشی تێدا بكه‌م. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه ژنێكم هه‌یه زۆرم خۆشده‌وێ و كچێكم هه‌یه پێنج ساڵی ته‌مه‌نه و بێچوه كتكێكی ڕه‌شی سێ مانگانه‌ش. به‌م حاڵه خاوێنه‌وه، كوا وه‌خت بۆ سیاسه‌ت!
چه‌ند سیناریۆ و شانۆنامه‌م به فارسی و كوردی نووسیوه، دوو سێ كاسێتیی چیرۆكم بۆ منداڵان بڵاو كردۆته‌وه، چه‌ند شتێكم له فارسی و سویدییه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر كوردی، له‌وانه‌شه به پێچه‌وانه. هه‌روه‌ها هه‌ندێ وركه فه‌رمایشتی‌تریشم لێر و له‌وێ چاپاندووه كه هه‌ر هیچییان تمه‌نێكی ڕه‌ش ناهێنن.
سه‌عات دوازده‌ی نیوه‌ڕۆی یه‌کی ئاوگوستیی ٢٠٠٣