هەموو ساڵێ نزیکەی ١٥٠٠ کەس لە سوید کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. ئەمەش حەوت ئەوەندەی ئەو کەسانەن لە ڕووداوی هاتوچۆدا دەکوژرێن. هاوکات ١٥ هەزار هەوڵی خۆکوژیش دەدرێ کە ناگاتە ئەنجام و ١٥٠ هەزار کەسیش بیرۆکەی خۆکوژییان لە مێشکدا هەیە.
ئەمانە جگە لە ئازار و نیگەرانییەکی یەکجار زۆر، خەرجی چەند میلیارد کرۆنیش دەخەنە سەر شانی کۆمەڵگای سوید. چل لەسەدی مردنی گەنجانی ١٥ تا ١٩ ساڵ، بە هۆی خۆکوشتنەوەیە. سی لە سەدیش ئەوانەن کە لە نێوان ٢٠ تا ٢٤ ساڵیان تەمەنە. زوربەی ئەو کەسانەش کە خۆ دەکوژن لە نێوان ٤٥ تا ٦٤ ساڵیان تەمەنە.
بەڵام دەنگدانەوەی خۆکوشتن لە میدیای سویدیدا یەکجار کەمە و بە واتایەک نابینرێ. هۆکارێکی گرنگی ئەوەیە کە یاسای ئەخلاقیی ڕۆژنامەوانی وا دەکات زوربەی ڕۆژنامەنووسان دەنگوباسی خۆکوشتن بڵاو نەکەنەوە. هەم لە بەر ڕێزگرتن لە هەرێمی تاکەکەسی و هەم لە بەر ئەو نیگەرانییەی کە نەکا بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە دەنگوباسانە ببێتە هۆی هاندانی زیاتر بۆ خۆکوشتن. ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی زانیاری لە سەر ئەوەی ئەم گرفتە لە کۆمەڵگادا چەند گەورە و بەربڵاوە لە بەردەستدا نەبێ. هەروەها لە سەر ئەوەی خۆکوشتن دەکرێ پێشی پێ بگیرێ.
بێدەنگی، توێژینەوەی ناڕێک و خراپ و ڕاپۆرتکردنی گەلێ کەم لە خۆکوشتن بەداخەوە یارمەتیی ئەوەی داوە کە بابەتەکە ببێتە شتێکی تابۆ (بڤە)، پەڵەداری، بێخەبەری و نەزانی لە سەر خۆکوشتن. بە جۆرێک کە بابەتەکە وەک یەکێ لە گرفتە هەرەگەورەکانی کۆمەڵگا کە دەیتوانی بە ڕێی لێدوانی میدیایی و ڕۆژنامەوانی کەم بێتەوە، هەروا بەردەوامە. دیارە کاتێ میدیاکان باسی نەکەن سیاسەتمەدارانیش هیچ لە پێناو کەمکردنەوەیدا ناکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە زانست لەوە تێدەگا کە ئێمە چلۆن دەتوانین گیانی ڕێژەیەکی زۆری ئەو کەسانەی دەیانەوێ کۆتایی بە ژیانی خۆیان بێنن، ڕزگار بکەین بەڵام ئەم پرسە لە کۆمەڵگای سویددا پێویستی بە تیشکخستنەسەری زیاتر و وردتر هەیە.
میدیا هاوکات دەتوانێ بە واڵاکردنی زیاتری دەرگانەی بابەتەکە دەورێکی گرنگ بگێڕێ و یارمەتیدەر بێ بۆ گۆڕێنی بۆچوونی نیگەتیڤ و ناساغیی دەروونیی کەسەکان. خوێندنەوە و توێژینەوەی زۆر تازە هەن لە سەر چارەسەریی ئەم گرفتە. بۆیە گرنگە کە میدیاکان لە ڕاپۆرتدانی خۆیاندا لە سەر خۆکوشتن، باسی ئەوەش بکەن کە ئەگەر گرفتێکی دەروونی بۆ کەسێک هاتە پێش و بیری خۆکوژی بە سەری کەسێکدا هات، ئەوا ڕوو لە کوێ بکات و کام ڕێکخراو و دەزگای حوکوومەتی کار بۆ بەرگریی جیددی بە خۆکوژی یان یان کەمکردنەوەی ڕێژەکەی دەکات.
لە ڕێسانامەی ئەخلاقیی ڕۆژنامەواناندا نووسراوە: “لە بڵاوکردنەوەی دەنگوباسی خۆکوشتن و هەوڵی خۆکوژیدا، گەلێ وریا و لە سەرەخۆ و پشوودرێژ بە و بیر لە بنەماڵە و کەسوکاری کەسەکە بکەرەوە و ڕێز لە حورمەت و شکۆمەندیی ژیانی تاکەکەسیان بگرە.” کاتی ئەوەیە کە ئەم خاڵەی ڕێساکە پێداچوونەوەی پێدا بکرێ و لە جیاتی وەها بنووسرێ: “هەوڵ بدە پێناسێک ساز نەکەیت لە نێوان ئەوەی خۆی کوشتووە و ئەو کەسەی ڕاپۆرتەکە دەخوێنێتەوە.” با نەبێتە هۆی ئەوەی کارەکەی کۆپی بکرێ و لاسایی بکرێتەوە.
ڕێکخراوی لەشساغیی جیهانی (WHO) چەند ڕێکاری پێشکەش کردوون لە سەر ئەوەی میدیاکان چۆنچۆنی دەبێ ڕاپۆرت لە سەر خۆکوشتن بدەن. ئەم ڕێکخراوەیە باس لەوە دەکات کە ڕاپۆرتدانی ناشیانە یارمەتیی چەندپاتبوونەوەی تراژدیاکە دەدات. بۆنموونە لە دەستپێکی ئاڵقەی تلەڤزیۆنیی ئەڵمانیی “مەرگی قوتابیەک”دا هەموو جارێ پیاوێک پێشان دەدرێ کە خۆ دەخاتە بەر ڕێگەی شەمەندەفەر و دەکوژرێ. لە کاتی پێشاندرانی ئەم ئاڵقەیەدا ڕێژەی خۆکوشتنی گەنجانی ١٥ تا ١٩ ساڵ، بە ڕادەی ١٧٥ لەسەد هەڵکشا. چەند ساڵ دواتریش کە ئاڵقەکە دووپات کرایەوە، دیسان هەر ئەوەندە کەسە بە هەمان شێوە خۆیان کوشت.
باشترین شێوە بۆ ڕاپۆرتکردنی خۆکوژی ئەوەیە کە تەرکیزی زیاتر لەسەر لە پاش بەجێماوانی ڕووداوەکە بکرێ نەک ئەوەی خۆی کوشتووە. ئەوەی ڕەنج و ئازاری لە پاش بەجێماوان باس بکرێ تەئسیرێکی زۆر لە سەر بەردەنگەکان (خوێنەر، بیسەر و بینەر) دادەنێ. ئەوەی چ پشتگیرییەکیان وەرگرتووە؟ هەڤاڵ و کەسەکان چ کاردانەوەیەکیان لە سەر ڕووداوەکە نیشان داوە. ئەم شێوەیە لە گێڕانەوە وا دەکات لە نەساغیی دەروونیی کەسی خۆکوژ بگەین. لەم ناوەدا لە بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک “سەرکەوت کە خۆی بکوژێ” یا خود “خۆکوشتنی هەڵبژارد” خۆ ببوێرە. تەقریبەن هەموو ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن، تووشی خەمۆکی بوون یا نەخۆشییەکی دەروونییان هەبووە.
ڕێکخراوی خۆبەخشی سویدیی “Suicide Zero” واتا “هیچ خۆکوشتنێک” خەڵات دەدات بەو ڕۆژنامەوانانەی بەسوودترین و باشترین ڕاپۆرت لە سەر خۆکوشتن بڵاو بکەنەوە تا خەڵك زیاتر لەگەڵ ئەم گرفتە گەورە کۆمەڵایەتییە ئاشنا بێت.