له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوو كه ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی باشوری نیشتمان كوڕیادی بۆ داگیركه‌ری تێرۆریست و كوردخۆر ده‌گێڕا، به هه‌زاران ده‌نگی توڕه له كوردستانه‌وه بیستران. ئه‌و ده‌نگانه كه وه‌ك كوردستانی هه‌ڵوێستیان گرت، شایانی په‌ره‌سه‌ندنه، لێ هێندێك ده‌نگ هه‌بوون كه له بازنه‌ی زه‌ینی حیزبایه‌تییه‌وه ده‌بیستران كه دیاربوون ته‌نیا په‌رچه‌كرداریبوون.
زه‌ینی كوردستانی چه‌شنێیك له ده‌نگ به‌رهه‌م دێنێت كه له‌ته‌ك گشت ئاكارێكی نه‌یارشه‌یدا ناته‌بایه و دژ ده‌رده‌كه‌وێت. زه‌ینی حیزبی ته‌نیا ده‌توانێت له كانتێكستی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی‌دا چاك و خه‌راپ لێك بكاته‌وه كه هۆكاره‌كه‌ی له ئه‌و هۆشیارییه ساخته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه له مه‌عریفه‌ی لێپاولیپی پڕ له قه‌یرانی حیزبی پێیانی به‌خشیوه.
له‌و مه‌عریفه حیزبیه‌دا نه‌یارناسی وه‌ك گردوكۆی ئه‌و مه‌عریفه‌یه كه حیزب به‌رهه‌می دێنێت له‌و هۆشیارییه ساخته‌یه ڕا سه‌رچاوه ده‌گرێت كه بكه‌ریی حیزبی به‌رهه‌می دێنێت و هێنده به‌رته‌سكه كه له باشترین باری خۆیدا له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی به‌رفراوانتر نابێته‌وه، له زۆربه‌ی باری خۆیدا ده‌چێته ئاستی به‌رژه‌وه‌ندی به‌رپرسێكی دیاریكراوی حیزبی.
لاوازیی نه‌یارناسی، گرفتی هه‌میشه‌یی كورد، وێڕای په‌یوه‌ندیداربوون به مه‌عریفه‌ی حیزبی پاشخانێكی كلتوریشی هه‌یه كه په‌یوه‌ندی به هۆشیارییه‌كی ساخته‌ی دیكه‌وه هه‌یه كه هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی له هه‌سته‌كاندا به‌رامبه‌ر به بێگانه‌ی یار و بێگانه‌ی نه‌یار. كورد له ڕێڕه‌وی مێژووی خۆیدا به‌هۆی هه‌ڵكه‌وتن له‌سه‌ر جۆگرافیایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند، كورد چه‌شنێك له به‌خشه‌نده‌یی و به‌زه‌یی بۆ بێگانه هه‌بووه و چێژی له ئه‌و به‌خشه‌نده‌ییه وه‌رگرتووه. ئه‌مه‌شی به میواندۆستی و غه‌ریبدۆستی پێناسه كردووه.
له‌و كاتانه‌ی كه كورد له شەڕدا بووه، بێگانه‌ی نه‌یاری وه‌ك دوژمن دیتووه و له‌ته‌كیا ئازایانه جه‌نگاوه، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌زموونه مێژووییه‌كانمان پێمان ده‌ڵێن هه‌ركات هه‌مان دوژمن نیازپاكیی ڕواڵه‌تی پێشان داوه، كورد هه‌ستی به‌زه‌یی و به‌خشه‌نده‌یی جوڵاوه و قینی خۆی له‌بیر كردووه و ئامێزی به دوژمنی خۆیدا كردووه و سنووری نه‌یاریه‌تی ڕاماڵیوه. ئه‌مه له كاتێكدایه كه دوژمن ده‌ستی له دوژمنایه‌تی و نه‌یارییه‌تی ڕاسته‌قینه هه‌ڵنه‌گرتووه، و زیان و خه‌ساری گه‌وره‌ی له‌و ڕێگایه‌وه وه‌شاندووه كه بووه به هۆی بنده‌ستی سه‌ددان ساڵه‌مان.
له سه‌رده‌می پێشمۆدێڕنه‌وه ده‌كرێت بڵێین ڕوودانی وه‌ها كاره‌ساتگه‌لێك به‌هۆی پێشنه‌كه‌وتنی ئامرازه سیاسییه‌كان ئاسایی بووه، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می مۆدێرندا ئه‌م چه‌شنه لە سیاسه‌تكردن ته‌نیا ساویلكه‌یی و ته‌نانه‌ت خۆدۆڕاندن و خۆفرۆشتن ده‌نوێنێت.
وێنه‌ی هاوپێچ دانیشتنی ١٩٨٣ (ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم) له نێوان ڕێبه‌رانی یه‌كێتی نیشتمانی و لێژه‌ی عێراقی به به‌رپرسیاره‌تی عیزه‌ت دوری نێشان ده‌دات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا عێراق له‌و وێنه‌یه‌دا هێشتا داگیركه‌ره و هێشتا به پیسترین شێوازه‌كان كوردكوژه و خه‌ریكی ته‌عریبی كوردستانه، به‌ڵام دۆخی ئیحساسی مام جه‌لال و نۆشیروان له ته‌نیشت عیزه‌ت دوری و هاوڕێكه‌ی به ڕوونی دیاره كه دڵبه‌رانه‌یه.
گرتنی وێنه‌ی له‌م چه‌شنه له نێوان دۆست و هاوپه‌یماندا ده‌گیرێت. كاتێك كه دوو نه‌یار وێنه ده‌گرن له‌ته‌ك یه‌كترا، له ته‌نیشته‌وه ده‌گیرێت، له كاتێكدا ڕووبه‌ڕووی یه‌ك وه‌ستاون و له باشترین حاڵه‌تدا ده‌ست له‌ناو ده‌ست كه هێمای نیازی ئاشتی ده‌نوێنێت.
ئێمه له دانوستانی دوای كۆڕه‌وه‌کەی ١٩٩١ له نێوان مامه و كاكه له‌گه‌ڵ سه‌ددامی كوردكوژ، ده‌سپێكێك ده‌بینین كه به ماچ و باوه‌ش و ئامێزی دڵبه‌رانه ده‌ست پێ ده‌كات، كه هیچ ده‌رخه‌رێك له دوژمنایه‌تی له نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه كه به خوێنی یه‌كتر تونی بوون ده‌رناخات. ئه‌مه ئه‌ته‌مۆسفه‌ری شوێنی دانیشتنه‌كه به‌جوانی له زه‌ینی وریا كوردێی ڕه‌خنه‌گردا به وێنه ده‌كێشێت و ده‌رده‌كه‌وێت كه متمانه و هاوسۆزی و هه‌ستی دۆستایه‌تی و نزیكایه‌تی به‌سه‌ر لایه‌نی كوردیدا زاڵه.
له‌و ده‌نگانه‌ی كه له دانیشتنی ڤییه‌نای نێوان دوكتۆر قاسملوو و سه‌حراروودی تێرۆریست و بكوژ به‌جێ ماوه، هه‌ڵبژاردنی شێواز و شوێنگه‌ی دانیشتن به‌دی ده‌كرێت، شوێنه‌واری متمانه و هاوسۆزی و هه‌ستی نزیكایه‌تی دوستایه‌تی له‌لایه‌ن تیمی د. قاسملووه به زه‌قی وه‌به‌رچاو دێت.
ئه‌مه ته‌نیا ناشاره‌زایی له شێواز و ڕێكاره پرۆفێشناڵ و زانسییه‌كانی دانوستان به ته‌نیا نیشان نادات، به‌ڵكو كه‌مایه‌سی و قه‌یران له مه‌عریفه‌ی نه‌یارناسی و زانستی شۆڕش ده‌رده‌خات كه هه‌تا ئێستاش ئه‌م ڕه‌وته درێژه‌ی هه‌یه و له كاراكتێری شه‌خسییه‌تی سوژه‌ی كوردی له مێدیای ئێرانی، توركی و عه‌ره‌بیدا وه‌به‌ر چاو دێت.
له دیپلۆماسیدا ئه‌م نه‌بوونی مه‌عریفه‌ی نه‌یارناسی له كاراكتێره حیزبییه‌كاندا به هیچ شێوه‌یه‌ك ناشاردرێته‌وه. له تۆماره ده‌نگییه‌كانی د. قاسملو له دانوستانی ڤییه‌نا به دوژمنی خۆی دڵنیای ده‌به‌خشێت كه ئه‌و نه ته‌نیا له به‌ره‌ی دوژمنانی ئێران‌دا نییه و كانسێپتی خودموختاری هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی و ئه‌وله‌هی ئێران نییه، به‌ڵكو كورده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانیش ڕاده‌كێشێته ژێر سێبه‌ری ئێرانه‌وه. ئه‌مه له ڕاستیدا سنووری متمانه و هاوسۆزیش تێده‌په‌ڕێنێت و پێ ده‌نێته سه‌روه‌ریسازی بۆ دوژمنی داگیركه‌ر كه جه‌وهه‌ری سه‌ره‌كی نه‌یارشه‌یدایی (Stockholm Syndrome) و هارپاگیزمه.
هارپاگیزم و نه‌یارشه‌یدایی و هه‌ر چه‌شنێك له هاوسۆزی له‌گه‌ڵ نه‌یار و دوژمن و هه‌بوونی كانسێپتی سه‌روه‌ریسازیی بۆ نه‌یار له ڕه‌هه‌نده‌كانی هۆشیاری ساخته‌یه كه دوژمن له ڕێگای سیسته‌می خوێندن و كتێبخانه‌ی مه‌عریفی خۆی له زه‌ینی مرۆڤی داگیركراودا سازی ده‌كات وه‌ك پلاتفۆرمێك كه به سانایی چه‌شنه‌كانی هاوسۆزی له‌گه‌ڵ خۆی و نه‌یارشه‌یدایی و هارپاگیزمی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێنێت.
ئاكاری نه‌یارشه‌یدایی و هاوسۆزی له‌گه‌ڵ نه‌یار و دوژمن له ناو كورددا له ڕێگای دام و ده‌زگاكانی فه‌رهه‌نگسازی و خوێندن و په‌روه‌رده، سیسته‌می كۆنترۆڵ و سه‌پاندنی هه‌ژمونی وه‌ك ئامرازه‌كانی ئه‌ندازیاری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌روونی كراونه‌ته‌وه تاكو سامانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردستان هه‌رشته‌یی بكه‌ن و هه‌ڵوه‌شێنن. كۆمه‌ڵگای ئه‌تۆمیزه (Atomism) و هه‌رشته‌یی (Spagettification) كه سامانی كۆمه‌ڵایه‌تی (Social Capital) له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی ڕێكخراوه‌یی سێكتاریستییه‌وه ساز ده‌كرێته‌وه كه هۆشیاری ڕاسته‌قینه به‌رهه‌م ناهێنێت و هه‌ر له‌سه‌ر هێڵی هۆشیاری ساخته (False Consciuosness) ده‌ڕواته پێشه‌وه و له به‌رامبه‌ر به نه‌یارناسیدا نه‌یاردۆستی و نه‌یارشه‌یدایی به‌رهه‌م دێنێت كه ناتوانێت خۆی له بازنه‌ی سه‌روه‌ری داگیركه‌ر ده‌ربهاوێژێت و له بازنه‌ی سه‌روه‌ریی كوردستانیدا بڕوانێتە دوژمن و نه‌یاری خۆی.
كاتێك حیزبایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای هۆشیاری ساخته و مه‌عریفه‌ی نه‌یاردۆستی ده‌چه‌رخێت و تێگه‌یشتنێكی قووڵی له سه‌روه‌ریی و نه‌ته‌وه نییه، هیچ ستراتێژییه‌كیان بۆ سه‌روه‌ریخوازی و نه‌ته‌وه‌سازی نییه، خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان له به‌رامبه‌ر به داگیركه‌ر و گیرۆده‌بوونی به سۆزداری بۆ كه‌سایه‌تییه كاریزماتیكه‌كانی دوژمن، ئاكامی پڕ ئێش و ئازاری ئه‌م دیارده‌یه.
ئه‌وه‌ی كه جێگای سه‌رنجه له كرداری جه‌ماوه‌ری له پارادایمی حیزبی‌دا، هه‌ستیاری و دژایه‌تی به‌رامبه‌ر به ئاكار و كرداره‌كانی ڕیڤاڵ و ڕكابه‌ره‌كانی و به‌پێچه‌وانه چاوپۆشی و به‌رگری له ئاكاری نه‌یاردۆستانه‌ی لایه‌نی سیاسی خۆیانه. ئێمه ئه‌وه له نێوان دوو حیزبی گه‌وره‌ی باشوری نیشتماندا به سه‌ددان شێواز ده‌بینین. وه‌ك میناك دژایه‌تی یه‌كتر له‌سه‌ر ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆكتۆبر كه له ڕاستیدا هه‌ردووكیان خیانه‌تی نیشتمانی به‌ڵام ته‌نیا یه‌كتری پ ده‌كوتن و چاوپۆشی له تاوانی خۆیان ده‌كه‌ن.
له دۆخی كۆڕیادی قاسم سوله‌یمانی توڕه‌یی جه‌ماوه‌ری ناحیزبی له بازنه‌ی كوردستانیبووندا ڕه‌وایه و هه‌ر وه‌ك له هه‌ر چه‌شنه ئاكارێكی نه‌یاردۆستانه‌ی دیكه‌ش هه‌ر ڕه‌وایه، به‌ڵام توڕه‌یی جه‌ماوه‌ری حیزبی كه به كه‌م یان زۆر له خۆئاگایی و هۆشیاری ساخته‌ی خۆیاندا گیرۆده‌ی نه‌یارشه‌یدایی و نه‌یاردۆستین، نه‌ك ڕه‌وا نه‌بێت، به‌ڵكو بێواتایه چونكه خۆیانیش هه‌ر گیرۆده‌ن.
له بازنه‌ی كوردستانی بووندا هه‌موو كوردێك ده‌توانێت به یه‌ك ئه‌ندازه به كۆڕیادی قاسم سوله‌یمانی خۆپێشاندانه هاوبه‌شه‌كانی ئێرانییه‌كان و كورده‌كان توڕه بن. شای ئێران ئاشبه‌تاڵی به شۆڕشی ئه‌یلوول كرد و به‌م بۆنه‌وه شه‌هریار ئاهی وه‌ك دوایین ڕاوێژكار و په‌یوه‌ندیكاری شای ئێران و كۆشكی سپی بۆ باشور وه‌ك قاسم سوله‌یمانی بۆ ڕۆژهه‌ڵات وایه. ئه‌وه‌ی كه كاردانه‌وه‌ی باشوری نیشتمان به‌رامبه‌ر به یه‌كڕیزیی كورده حیزبییه‌كان و ئێرانییه‌كان نابینین، په‌یوه‌ندی به نزمایه‌تی خۆئاگایی نه‌ته‌وه‌یی و ناشاره‌زایی له مێژووی هاوچه‌رخ هه‌یه كه نه‌یارناسی له كوردستان لاواز كردووه و هۆشیاری و خۆئاگایی ساخته‌ی جێ‌نشین هۆشیاری و خۆئاگایی ڕاسته‌قینه كردووه.
كه‌مایه‌سی و نزمایه‌تی مه‌عریفه‌ی نه‌یارناسی وای كردووه له جێگه‌ی ئه‌وه‌ی بینه‌ری ڕه‌فتاری شكۆمه‌ندانه‌ی هاوشێوه‌ی ڕێبه‌رانی ویه‌تنامی له به‌رامبه‌ر به داگیركه‌ری فه‌ڕانسی و ڕه‌فتاری ڕێبه‌رانی چێچێنی له به‌رامبه‌ر به یه‌لتسینی ڕووسی له دانوستان و دیپلۆماسیدا بین، بینه‌ری كردار و ئاكاری نه‌یاردۆستانه و خۆگچكه‌بینانه‌ی كاكه و مامه له‌گه‌ڵ سه‌ددام و باقی ئێراقییه‌كان و د. قاسملوو له‌گه‌ڵ گه‌له‌پاسداڕی تێرۆریست و كاراكتێره حیزبییه‌كان له دانیشتن له‌ته‌ك ئێرانییه داگیركه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌تی سێبه‌ر بین.
نه‌یارناسی دیوی دووهه‌می سایكۆلۆژی سه‌روه‌ریی و كوردی به‌ره‌نگاره كه له به‌رامبه‌ر به بێگانه‌ی نه‌یار یان دوژمن‌دا پێگه و كه‌سایه‌تی خۆی نادۆڕێنێت، توانای مانه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌وتی خۆیی و ستراتێژی سه‌ركه‌وتن هه‌یه. نه‌یارناسی وه‌ك لقێكی به‌هێزی زانستی شۆڕش له هه‌وا پێویستتره بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه وڵاته‌كه‌ی داگیر كراوه.
مانی ڕه‌حیمی