ئه‌م چیرۆكه‌مان جاری یه‌كه‌م، ساڵی ١٩٨٩ له ژماره ١٥ی گۆڤاری (نووسه‌ری كوردستان) كه له شاخ ده‌رده‌چوو، به دوو ناوی خوازراوه‌وه بڵاوكرده‌وه: من وشه‌كانی پاشناوه‌كه‌م ئاوه‌ژوو كرده‌وه، بوو به (انیس). (به‌ڕۆژ)یش سه‌رمه‌قولاتێكی لێدا و خۆی كرده (نزار). هه‌رچه‌ند نووسه‌ر وێرابووی چیرۆكه‌كه به ناوی خۆی بڵاوكاته‌وه به‌ڵام ئێمه‌ی وه‌رگێڕ، نا!
ئه‌و كات به‌ڕۆژ نیشته‌جێی وه‌رامین بوو، منیش تاران و هه‌ر دوو له ڕادیۆی كوردیی تاران كارمان ده‌كرد.
قازی ڕه‌بیحاوی له ساڵی 1335ی هه‌تاوی – ١٩٥٦ی زایینی – له شاری ئابادان له دایك بووه. دوانزه ساڵ ده‌رسی خوێند و ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی پێشكه‌ش به ئه‌ده‌بی چیرۆكنووسینی فارسی كردوه: – مانگی گه‌لاوێژ له پاڵ كووره‌خانه‌كانی باشووردا، 1358 هه‌تاوی، 1978 ی زایینی. – كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی دارخورما و بارووت، 1359 ی هه‌تاوی، 1979 ی زایینی.
– بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ربازێك، 1360 ی هه‌تاوی، 1981 ی زایینی. – كورته‌چیرۆكه‌كانی وێنه‌ی یادگاری، فیدوس، پاڵتۆ، له پێده‌شت و نێوان ڕێگادا، خۆڕاگریی سه‌ر له به‌یانی، چاڵ، خلیسكێن و سیناریۆی چه‌ند فیلمی سینه‌مایی. له چیرۆكه‌كانی ڕه‌بیحاوی‌دا كه پاش ده‌ستپێكرانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه نووسران، بۆنی بێزاری و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ شه‌ڕ به توندی هه‌ست پێده‌كرێ. قازی ڕه‌بیحاوی تا ئه‌م كاته قه‌ڵه‌می دانه‌ناوه.
ئه‌نیس- نزار (نه‌ورۆزی ١٩٨٩)
چاڵ
::::::::::::::
بۆچی كه‌س نازانێ من شه‌هید كراوم؟! له حاڵێكدا كه شه‌هید كراوم. چوومه‌ته لای خوا. ده‌چمه لای.
زستان بوو.
ئێستاش هه‌ر زستانه. زستانه و باران. به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه باران نه‌باری. سێ ڕۆژ بوو په‌یتا په‌یتا ده‌باری. ڕۆژی چواره‌م كردی به ساو. ئێستا دوو مانگی به سه‌ردا تێپه‌ڕیوه.
ئێواره بوو.
له نێو سه‌نگه‌ردا دانیشتبووم. هه‌ر له‌وێ منی كوشت، له سووچی سه‌نگه‌ردا. خه‌ریك بووم جگه‌ره‌م ده‌كێشا. دوژمن زۆرمان لێ دوور بوو. نازانم كوت‌وپڕ له كوێوه هات. غافڵگیری كردم. كاتێ دیتم نسێیه‌ك به سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كه‌دا كشا، پێم وابوو خه‌ریكه هه‌تاو له پشت په‌رده‌یه‌كی هه‌ورا تێده‌په‌ڕێ. له پاشان چه‌ند ده‌نكه زیخێك كه‌وتنه خوارێ. كه‌سێك له‌و سه‌ره راوه‌ستابوو. ده‌مزانی. ترس دایگرتم. هێنده ترسه‌نۆكیش نیم. هێدی هێدی سه‌رم هه‌ڵبڕی. خۆی بوو. لووله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی تێ‌كردم. ده‌بوایه ده‌سته‌كانم له سه‌ر سه‌رم دابنیایه. یه‌كه‌مجار ده‌ستی ڕاستم به‌رز بۆوه. پاشان ده‌ستی چه‌پم به ئه‌سپایی هه‌ڵبڕی. جگه‌ره‌كه له نێو ئه‌نگوسته‌كانم به‌ربۆوه. كه‌وته خوارێ و ده‌رفه‌تی پێنه‌دام: ته‌ق. ته‌ق. ته‌ق.
ئاوا بوو كه شه‌هید كرام. دوایی پێیان وابوو ون بووم. خۆم شرت و گوم كردوه. ئێستاش هه‌روا بیر ده‌كه‌نه‌وه. هه‌موویان. هه‌م باوكم، هه‌م دایكم، هه‌م زه‌ری.
زه‌ری! كاتێ به خۆڵ دایده‌پۆشیم بیرم له تۆ ده‌كرده‌وه. هه‌ر كه مشتێ خاكی به سه‌ردا كردم، فڕكه‌ی خوێنم دامركا. خاك و خۆڵ تێكه‌ڵی خوێن بوون و خوێنه‌كه‌یان داپۆشی و ڕه‌نگی جله‌كه‌ی منیش هه‌ر له ڕه‌نگی خۆڵ بوو.
چاوم بڕیبوه ئاسمان. ئه‌و له‌وێ بوو. وه‌ك دێوه‌زمه‌یه‌ك له‌و سه‌ره راوه‌ستابوو. وه‌ك ئه‌و زه‌لامانه‌ی دێنه خه‌ونه سامناكه‌كانه‌وه. پۆستاڵه‌كانی قوراوی بوون و خۆره‌تاو له پشت سه‌ری ئاوا ده‌بوو.
له پێشدا سه‌ر و سنگی داپۆشیم. دوایی خۆڵی به سه‌ر پێیه‌كانم داكرد. تاقه‌چاوه‌كه‌ی تێبڕیم. چاوێك له لای چه‌پ و چاڵێكی قووڵی كرمێ له لای ڕاستی. پێمه‌ڕه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه و خۆڵی به سه‌ر ده‌م و جاوم داكرد. ئیتر هیچم نه‌دی جگه له تاریكی.
با ده‌یهاژاند.
له‌گه‌ڵ خۆم به ته‌نیا مامه‌وه و كه‌سێ نه‌هات ناوم له لیسته‌ی شه‌هیداندا بنووسێ. ئه‌گه‌ر هاتبا…؟ ئه‌وده‌م له گه‌ڕه‌ك حجله‌یان(1) بۆ ده‌به‌ستم. به ئاوێنه و مۆمی داگیرساوه‌وه. وێنه‌كه‌شیان له‌و سه‌ره هه‌ڵداواسیم. وێنه‌ی لاڕوومه‌تم. ساغ و سه‌لیم. ئینجا تۆ ده‌هاتی. به نێوان حه‌شیمه‌تی ڕێبواراندا. پاشان راده‌وه‌ستای و وه‌ك ئه‌و ڕۆژه‌ی بۆ هه‌باس گریای بۆ منیش ده‌گریای. چارشێوه ڕه‌شه‌كه‌ت نه‌ختێ لاده‌درا و تێت ده‌ڕوانیم و چاوه‌كانت سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕان و تنۆكه فرمێسكێك له سیله‌ی چاوته‌وه ده‌ڕژا و خلۆر ده‌بۆوه. تاقه تنۆكێك به‌س بوو.
به‌سه.
سه‌د مخابن زه‌ری! له زه‌رده‌په‌ڕی ئه‌و زستانه‌دا، با تێك ده‌ئاڵا و ئه‌وه‌ی گۆڕه‌كه‌می پڕ كردبۆوه ڕۆیشت و له نێو بادا ون بوو… ده‌نا تۆ ده‌تزانی كه من ئیتر ئه‌و قاسمه نیم كه جاران ده‌تناسیم. هه‌ر ئه‌و كوڕه پووره‌ی تۆ، كه به‌رده‌ستی دوكانداران بوو. تۆپه قوماشه‌كان چه‌ند قورس بوون. شانی پیاو ژانی ده‌كرد. داده‌خزا. پێپلكه‌كان چه‌ند پێچاوپێچ بوون.
– ”په‌ل ببزێوه!”
– ”به سه‌ر چاو ئه‌میرخان!”
داڵانه باریك و شێداره‌كان، بنمیچه داته‌پیوه‌كان. ئه‌وه‌ش نهۆمی سێیه. به‌س نهۆمێكی‌تر ماوه.
– ”هه‌تیوه خێراتر!”
– ”هه‌ه هه‌ه هه‌ه هه‌ه”
ژووره بچووك و تاریكه‌كان له‌م به‌ره‌وبه‌ری داڵانه‌كه‌دا ڕیزیان به‌ستوه و ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ریش ئاوده‌ستخانه‌یه.
– ”زووكه ده‌ی!”
بۆنی پیسایی له داڵانه‌كه‌دا گه‌ڕاوه. له به‌ری به‌یانییه‌وه تا ئێواره بۆنی پیساییت هه‌ڵده‌مژی قاسم!
– ”ڕاكه!”
به‌ڵام هیچت نه‌ده‌گوت. ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕۆژه‌ش هیچت نه‌گوت. به‌س گوتت نه‌خێر. له بیرت ماوه كوڕه!؟ ئه‌و ڕۆژه‌ی حوسێن- به‌رده‌ستی برایم‌ئاغا- گوتی وا باشه هه‌واكێشێك دابنێین. حوسێنی به‌سته‌زمان، تازه هاتبوو. دوایی چوو سه‌ری به هه‌موو كارگه‌یه‌كدا كرد و ویستی پاره‌یان لێوه‌رگرێ بۆ هه‌واكێش. له پێش هه‌مواندا كابرا توركه‌كه لێی ڕاست بۆوه.
گوتی: ”كوا؟ بۆنی پیسایی چی؟”
چه‌ند هه‌ناسه‌ی قووڵی هه‌ڵكێشا و سه‌ری ڕاوه‌شاند.
– ”كوا!؟”
ئه‌وسا برایم‌ئاغا و یۆسفی‌ش خۆش‌خۆش لووتیان هه‌ڵكێشا.
– ”بۆنی پیسایی؟ … نا!”
هه‌موو گوتیان ئه‌وه بۆنی پیسایی نییه، بۆنی شتێكی‌تره. نا، ئه‌وه نییه!
حوسێن به خۆدا شكاوه. گوتی: ”ئه‌دی، هه‌و نییه. بێ‌شك هه‌و نییه.” ئینجا پێكه‌نی.
– ”بۆنی پیسایی!؟”
دوایی شتێكی گوت كه من تێنه‌گه‌یشتم. ئه‌وانی‌تر دایانه قاقای پێكه‌نین. تۆش پێكه‌نیت. له‌گه‌ڵ ئه‌وان. له‌گه‌ڵ حوسێن.
– ”خێراكه ده‌ی!”
به‌ڵام ئێستا ئیتر هه‌موو شتێك ته‌واو بوه. ده‌فته‌ری كوێره‌وه‌رییه‌كان دوایین په‌ڕه‌ی هه‌ڵدراوه‌ته‌وه و ته‌واو. سکاڵایه‌ك نه‌ماوه. هه‌رچه‌ند كه هه‌رگیز هه‌رگیزیش نه‌بوه. له هیچ كه‌س. ته‌نانه‌ت له‌و كه‌سه‌ی به‌ڕواڵه‌ت باوكم بوو.
تۆ خۆت بدوێ بابه! هیچ كات قسه‌م له قسه‌ی تۆ دا كردوه؟ هه‌میشه هه روا كراوه كه تۆ حه‌زت لێ بوه. ئه‌وه‌ی كۆنیش هه‌ڵه‌ی من بوو. باسی ئه‌و كاته ده‌كه‌م كه تازه له گه‌ڵ دایكم زه‌ماوه‌ندت كردبوو. من پێم نه‌ده‌گوتی بابه. تۆش له‌وه دڵمه‌ند بووی. زۆرت پێ‌ده‌گوتم كه وا بڵێم. دایكیشم هه‌ر ئه‌مه‌ی لێ ده‌ویستم. به‌ڵام من زمانم نه‌ده‌گه‌ڕا و ده‌مزانی كه باوكم له زینداندا مردوه. هه‌ر پێم ده‌گوتی مه‌شه‌دی سمایل. تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌تۆ ئیتر مه‌شه‌دی سمایل نه‌بووی و باوكم بووی. له‌بیرته؟ كه‌س له ماڵدا نه‌بوو. ته‌نیا تۆ بووی. ئێواره بوو. من تازه هاتبوومه‌وه. باران لێی كردبۆوه. تۆ له حه‌وشه بووی و سۆبه‌كه‌ت چاك ده‌كرده‌وه. سڵاوم كرد و ویستم بچمه ژوورێ كه تۆ بانگت كردم. گه‌ڕامه‌وه. گوتت ئا بچۆ له ژێرخانه‌كه نه‌وتم بۆ بێنه! چووم. پێپلكه‌كان ته‌ڕ بوون. پێنج پێپلكه‌ی بڵند و باریك. گڵۆپه‌كه‌م پێكرد. تیشكی كز بوو. ژێرخانه‌كه بۆنێكی پیسی لێده‌هات. وه‌ك هه‌میشه. بۆنی شتێكی مردوو. خه‌ریك بوم له به‌رمیله‌كه نه‌وت تێكه‌م. شێره‌كه‌م كرده‌وه. چاوه‌ڕوان مام. له ناكاو هه‌ستم كرد كه‌سێك له پشت‌سه‌رم ڕاوه‌ستاوه. گه‌ڕامه‌وه. تۆ بووی. شووڵێكی ته‌ڕت له ده‌ست دابوو.
لێت پرسیم: ”من كێم؟”
پاشه‌وپاش كشامه‌وه. پرسیاره‌كه‌ت دووپات كرده‌وه. پرسیارێكی سه‌یر بوو. پشتم له دیواره‌كه ده‌خشاند و ده‌كشامه‌وه. دیسانیش. وام زانی هه‌ر به‌ڕاستی ده‌ته‌وێ بزانی كێی.
گوتم: ”مه‌شه‌دی سمایل.”
داره‌كه‌ت به‌رز كرده‌وه و توند له پشتت كوتام. بۆ ماوه‌یه‌ك گڵۆپه‌كه له به‌ر جاوم كه‌وته نێو ته‌م و مژه‌وه. ئه‌وه‌م به تاقه‌چا‌وه‌كه‌م بینی. چه‌مامه‌وه. چاكه‌ته‌كه‌م به دیواره‌كه‌دا خشا. نووزه‌م لێنه‌هات. تۆش هه‌ر له لاقت ده‌دام.
– ”من باوكتم، حاڵی بووی؟ من باوكی تۆم.”
به‌ڵام نه‌بووی.
ده‌تگوڕاند: ”تێگه‌یشتی؟”
تێده‌گه‌یشتم. تێده‌گه‌یشتم و ژانی داره‌كه هه‌موو ڕه‌گه‌كانمی ده‌گه‌ست. كوڵی نێو گه‌رووم ته‌قی و به‌مجۆره بووی به باوكم. شوێنی داره‌كه‌ت لاقمی شین و ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاندبوو به‌ڵام من به كه‌سم نیشان نه‌دا. له‌و جۆره كه‌سانه نه‌بووم. ئینسانێكی باش بووم، زه‌ری! ئه‌میرخان زۆرم لێ ڕازی بوو. تۆش ئه‌و سه‌رده‌مه لێم ڕازی بووی. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی مناڵ بووین و هه‌موو هه‌ینییه‌ك له گه‌ڵ دایكم ده‌هاتینه ماڵی ئێوه. هه‌ینییه‌كان بۆ من جه‌ژن بوون. ئه‌و ده‌م هێشتا چاوه‌كانم ساغ بوون و باوكم نه‌مردبوو. من بنێشتم بۆ تۆ دێنا. ته‌مه‌نمان چه‌ند بوو؟ تۆ ده‌چوویه قوتابخانه و منیش له لای باوكم كارم ده‌كرد. قوڕكێشی و ئه‌و جۆره كارانه‌م ده‌كرد. به‌ڵام هه‌ینییه‌كان هی خۆمان بوون. تۆ حه‌زت له بنێشت‌جاوین بوون: چه‌ق چه‌ق. منیش كاتێ تۆ ده‌تجاوی گه‌ز گه‌ز باڵام ده‌كرد.
– ”ها! ئه‌م سه‌وزه‌یان بجوو!”
هه‌موو هه‌ینییه‌ك بنێشتێكی‌ترم بۆ ده‌هێنای، به ڕه‌نگێكی تازه‌وه. هه‌تا ماڵه‌كه‌ی ئێوه مه‌ودا زۆر بوو. حه‌زم ده‌كرد هه‌موو ڕۆژێ له‌لای تۆ بم و هه‌ر چی هه‌مه بیده‌مه تۆ. زنجیره حه‌وت‌ڕه‌نگه نایلۆنییه‌كه‌ت له بیره؟ زۆرم خۆش ده‌ویست. سێ حه‌وته‌ی خایاند تا ته‌واو بوو. به ڕۆژ نه‌ده‌كرا بیچنی. ڕۆژانه هه‌ر كار بوو. قوڕ بوو. شه‌كه‌تی بوو.
– ”خێراكه كوڕه!”
باوك له‌و سه‌ره بوو. قوڕی بۆ وه‌ستا ده‌برد و تۆش به دوای ئه‌و دا به ته‌شتێكی چكۆله‌وه. پێپلكه‌كان هێشتا دانه‌مه‌زرابوون. لووس بوون و تۆ ده‌ته‌ویست سه‌ركه‌وی و هه‌ر نه‌تده‌توانی. بۆنی گڵ، كاتێ ئاوی پێدا ده‌پڕژێنن چه‌ند خۆشه: فش‌ش ….
شه‌وانه به ده‌رزی و به‌ن و نایلۆن ده‌تچنی. دوایی له ڕۆژێكی هه‌ینیدا بردت بۆ زه‌ری. چه‌نده درێژ و جوان ببوو. كاتێ وه‌ریگرت چه‌ند شاگه‌شكه بوو. چاوێكی به‌ملاولایدا خشاند. له‌پاشان كه‌مێكی له ده‌ست ئاڵاند و به تۆی گوت بگه‌ڕێوه. گه‌ڕایه‌وه. تۆ پشتت له‌و بوو. ڕووت له دیوار. ده‌نكه خوێیه‌كان به دیواره‌كه‌وه دیار بوون. ورد ورد. هه‌ر وه‌ك فرمێسكی مناڵ. ئینجا به به‌ری ده‌ست له شانی كوتای: ”ده‌ی یاڵڵا!”. بۆ وای كرد؟ گاڵته بوو. گه‌مه‌ی ده‌كرد. یانی تۆ ئه‌سپی و زه‌ری كچێكی سواركار. به‌ڵام ئه‌سپه‌كه ئێشی زۆر پێگه‌یشت. توندی لێدا. تۆش پێكه‌نیت. هۆ كچه سواركاره‌كه! ئه‌و ڕۆژه پشتی ئه‌سپه‌كه‌ت ئێشا و برك و ژانه‌كه‌ی بۆ هه‌تا هه‌تایه مایه‌وه. هه‌تا ئه‌و ساڵانه‌ی مه‌ودا كه‌وته نێوانمان.
ئه‌و سه‌رده‌مه سكت پێم ده‌سووتا. چاوه‌كانم تنۆك تنۆك ئاویان لێده‌ڕژا و باوكم له زینداندا بوو. تۆ لات وابوو بۆ باوكم ده‌گریم. به‌ڵام خۆ من نه‌ده‌گریام. ته‌نیا ئاو بوو كه چۆڕه چۆڕه لێی ده‌هات و چاوه‌كانمی ده‌برژانده‌وه. شه‌ش مانگی ڕه‌به‌ق، هه‌ر ئاوی سوێر. تا ئه‌و كاته‌ی دایكم بردمی بۆ نه‌خۆشخانه. دیسانیش هه‌ر زستان بوو. دوو حه‌وته له‌وێ كه‌وتم. له نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا، كه حاڵ و ڕۆژیان وه‌ك من وابوو. ئه‌وانیش له جێگه‌ی چاو، هه‌ر مشتێ لۆكه و كووتاڵی سپییان هه‌بوو. ئه‌و ڕۆژه‌ی هاتمه‌ده‌رێ، چاڵێكی قووڵ و كرمێم هه‌بوو كه تۆ لێی ده‌ترسای و ڕووت لێ‌وه‌رده‌گێڕا. ئیتر من نه‌هاتمه‌وه ماڵی ئێوه. ته‌مه‌نم پانزه ساڵ بوو. تۆ هه‌قت بوو، چاڵه‌كه ده‌می كردبۆوه و دڵی ئینسانی له خێڵه‌وه دێنا. من هه‌موو ڕۆژێ چه‌ند سه‌عاتێك داده‌نیشتم و له ئاوێنه‌دا چاوم تێده‌بڕی. دوایی بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌و چاڵه برینه هه‌ر هه‌یه و هه‌میشه ده‌بێ و هیچ كارێكی له‌گه‌ڵ ناكرێ، ته‌نانه‌ت به دوعاكانی دایكیشم. بێ‌ئاكام بوو، دایه! خوا چاوی درۆزنان كوێر ده‌كا و من درۆم پێگوتبووی. نه‌مده‌توانی ڕاستییه‌كه‌ت پێ‌بڵێم. تۆ چه‌ند ساویلكه بووی كه بڕوات پێ‌كردم. ”سینه‌ما هه‌تا ئه‌و كاته‌ی شه‌و؟!” تۆ پرسیارت كرد، به‌ڵام ئێمه به‌درۆ گوتمان ترۆمبیلمان ده‌س‌نه‌كه‌وت و به‌پێیان هاتینه‌وه. بێگومان چاوت هه‌ر له ده‌رگا بووه و خه‌وت لێنه‌كه‌وتووه. ده‌زانی باسی چ سه‌رده‌مێك ده‌كه‌م؟
ئه‌و ڕۆژانه چه‌ند سه‌خت بوون. ئه‌و كاته‌ی باوكم له سه‌ر قه‌ره‌چێوه‌ی هه‌ڵدێرابوو و لاقی عه‌یبدار بووبوون و ئیتر نه‌ده‌چوه سه‌ر كار. ده‌بێ چاكت له‌بیر مابێ. ڕه‌نگه تۆ هه‌ر چاوت له ده‌رگا بووبێ كه بێینه‌وه، به‌ڵام ئێمه ئه‌و كات له سه‌ر دیوارێكی باریك ڕاوه‌ستابووین.
گوتم: ”ده‌ترسێم!”
گوتی: ”ترسی پێناوێ!”
ئه‌وسا خێرا چاوێكی به ده‌وروبه‌ریدا گێڕا.
گوتی: ”تۆ هه‌ر ڕادیۆكه هه‌ڵگره!”
په‌نجه‌ره‌كه زۆر بچووك بوو و نه‌یده‌توانی تێوه‌ی بچێ. ده‌لاقه بوو.
گوتم: ”ده‌ترسێم!”
دره‌نگ بووبوو. تا سنگم تێوه‌ی چووبووم.
گوتی: ”هیچ كه‌س له ماڵ نییه. ڕۆیشتوون. من ده‌زانم.”
هیچ‌كه‌س له ژوورێ‌دا نه‌بوو. ژووره‌كه تاریك بوو و له ده‌ره‌وه سووكه تیشكێك، وه‌ك ته‌می سه‌ر له به‌یانان، له هه‌وادا بوو. سه‌ر و قژی ئاڵۆز ی باوكم له پشت ده‌لاقه‌كه‌وه دیار بوو. هه‌ر كه چاوم لێهه‌ڵده‌گرت ئیتر ئیتر هه‌ستم به نه‌رمایی مافووره‌كه‌ی ژێر پێم نه‌ده‌كرد.
گوتی: ”بڕۆ!”
كۆڵێكی قورس له نێو گه‌رووما په‌نگی خواردبۆوه.
گوتی: ”بڕۆ ده‌ی!”
نیگاكه‌ی پاڵی پێوه‌نام. سه‌رم وه‌رچه‌رخاند و سپییایه‌تیی پلاكی گڵۆپه‌كه‌م بینی. به په‌له هه‌ڵمكرد. باوك به ده‌نگێكی بۆڕچڕ و نێوچه‌وانێكی گرژه‌وه گوتی: ”بیكوژێنه‌وه!”
ڕووناكییه‌كی ترسێنه‌ر بوو. كووژاندمه‌وه.
– ”هه‌ر له سه‌ر مێزه‌كه‌یه.”
وێده‌چوو باوك، ماڵه‌كه بناسێ. ڕادیۆكه گه‌وره و قورس بوو. هه‌ڵمگرت. ده‌تگوت هیچم له ده‌ستدا نییه و له باتی ئه‌و، بارێكی قورس‌تر له ته‌شتێك گڵ، گه‌لێ قورس‌تر، له سه‌ر شانه‌كانم بوو. وه‌ڕێكه‌وتم. به هێواشی. چاوه‌كانی باوك، وه‌ك چاوی پشیله‌یان لێهاتبوو. چاوی له ڕادیۆكه بوو.
– ”راكه!”
قه‌ت. تا ئێستا له نێو قیره‌تاوا هه‌نگاوت ناوه؟ كاتێ له‌و چاڵه، له‌و هۆڵه پڕ له تاریكییه تێده‌په‌ڕیم و ده‌هاتمه ده‌رێ، ته‌قه‌یه‌ك هات و سه‌رم وه ده‌لاقه‌كه كه‌وت. نه‌كه‌وتم.
– ”چ بوو؟”
– ”هیچ!”
دوایی به برینێك له سه‌ر ته‌وێڵمه‌وه هاتمه‌وه ماڵێ. به‌ڵام تۆ نه‌تدی دایه! چاوه‌كانت پڕ بوون له وه‌نه‌وز، به‌ڵام من له‌وحاڵه‌دا درۆم پێگوتی. ڕۆژی دواییش هه‌ر درۆم له‌گه‌ڵ كردی.
-”كه‌وتمه عه‌رزی و سه‌رم وه قاناوێك كه‌وت.”
ئاوا بوو.
-”له لای كه‌س باسی نه‌كه‌ی كوڕه!”
– هه‌ڵێ!
ئه‌مه چاره‌نووسی تۆ بوو كوڕه، چاره‌نووسی تۆ. ئێستا كه ته‌نیای و له ژێر خه‌روارێك خاك و خۆڵدا ڕاكشاوی، شووره‌یی له خۆت بكه. داوای لێبوردن بكه. سه‌رت داخه و داوای لێبوردن بكه. له هه‌موو كه‌س، له زه‌ری، له باوكت، له وی‌تر، له دایكت، ئه‌میرخان، له هه‌موو خه‌ڵكی دنیا. ته‌نانه‌ت هه‌باسیش. له هه‌باسیش كه ئه‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ زه‌ری له كووچه و كۆڵانه‌كاندا پیاسه‌ی ده‌كرد و تۆش دوای ده‌كه‌وتی. به‌ڵێ ئه‌مه هی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ره، قه‌یدی چییه؟ هه‌ر ئه‌م یه‌ك دوو جاره‌ش زۆر بوو. ئه‌م كاره‌ت بۆ كرد؟ بۆچی وه‌ك نسێ وه‌دوایان ده‌كه‌وتی؟ مه‌گه‌ر تۆ كێ بووی، ها؟ ئێره‌ییت به هه‌باس ده‌هات؟ سه‌رت داخه، زۆرتر. سوپاسی بكه! سوپاست ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر هه‌باس نه‌بوایه تۆ ئێستا به‌م پله‌یه نه‌ده‌گه‌یشتی، ئه‌گه‌ر هه‌باس و حجله‌كه‌ی نه‌بوایه‌ن و زه‌ری ئه‌و ڕۆژه نه‌هاتبایه ته‌نیشت حجله‌كه.
تۆ هاتی زه‌ری! به هێواشی هاتی و ڕووبه‌ڕووی هه باس ڕاوه‌ستای و چاوت تێبڕیم. من وه‌رچه‌رخام و له كه‌لێن و قوژبنی حجله‌ی هه‌باسه‌وه تۆم بینی كه ده‌گریای.
هه‌باس هه‌زار ئاوێنه‌ی هه‌بوو و من له هه‌مواندا خۆم ده‌دیت. به‌ڵام هه‌زار وێنه‌كه‌ی من، تاقه‌وێنه‌یه‌كی هه‌باسی نه‌ده‌هێنا. به‌و چاوه گه‌وره و قژه ساف و شانه‌كراوه‌یه‌وه. بزه‌ی ده‌هاتێ و له منی ده‌ڕوانی و له خۆمم ده‌ڕوانی. له هه‌ر ئاوێنه‌یه‌كدا به‌شێكی ده‌م و چاوم دیار بوو و له ئاوێنه گه‌وره‌كه‌ی ناوه‌ندی حجله‌كه‌دا، برینی چاوم.
ئاخ كارێكی چه‌نده باشت كرد ئاوا سه‌یری منت كرد هه‌ناس! بێ‌شك ناوی تۆیان زوو نووسی … نا؟ به‌ڵام چقڵیان زۆر له كاره‌كه‌ی من خست. هه‌موو بیانوو بوون. پێویستیمان نییه، چه‌ند مانگی‌تر وه‌ره‌وه و ئه‌و جۆره قسانه. به‌ڵام هیچیان نه‌یانتوانی له ته‌مای خۆم بمگێڕێته‌وه. پاڕامه‌وه. نازانی چیم كرد. له‌م ژووره‌وه بۆ ژووره‌كه‌ی‌تر. سێ ئیمزا، به سه‌ر پێپلكه‌كاندا هه‌ر به ڕاكردن. دواییش ناردیانین بۆ باشوور. تۆش هه‌ر له‌وێ بووی له بیرمه. چ بارانێك بوو. ته‌مه‌نت مه‌ودای نه‌دای وه‌رزی بارانه‌كه ببینی. ئێمه زستانێ له‌وێ بووین. ده‌شت ته‌ڕته‌ڕ بوو. من ته‌نیا مانگێك له‌وێ بووم. بگره كه‌متریش. ئیتر دوایه وام لێ به‌سه‌رهات. ناخافڵ كرام و هه‌ر له به‌ر ئه‌وه هێشتا منیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. ده‌مدۆزنه‌وه. ته‌نیا ده‌بێ ده‌رفه‌تیان هه‌بێ و لێم‌بگه‌ڕێن. تۆخوا بۆچی ناگه‌ڕێن؟ ناونیشانی ڕاستی خۆمتان پێده‌ده‌م. وه‌رنه به‌ره‌ی باشوور. تۆپخانه گه‌وره‌كه‌ی ئێمه له كوێیه؟ بیدۆزنه‌وه. دوایی وه‌رنه خوارتر. سه‌نگه‌رێكی لێیه. سه‌نگه‌ری زۆر لێیه. پرسیار بكه‌ن ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ی قاسم‌ی تێدابوو كامه‌یه، پیشانتان ده‌ده‌ن. له‌و سه‌نگه‌ره‌وه نزیكه‌ی چاره‌گه سه‌عاتێ، ڕاسته‌وڕاست وه‌رنه لای دوژمن. له‌وێ هێڵێكی ئاسنی لێیه. هێڵی ڕاسته‌قینه نا. ده بیست میترێ ئاسنی درێژ كه نه سه‌ری هه‌یه و نه بن. هه‌روا له‌م ده‌شته‌دا به تاك و ته‌نیایی به‌ڕ‌ه‌ڵڵایه. پێش ئه‌و كاته ته‌نانه‌ت له خه‌ویشدا هێڵێكی وه‌هام نه‌دیبوو. پێم وابوو دوژمن ده‌بێ هه‌ر له‌م ده‌وروبه‌ره بێ. با ده‌یهاژاند و ده‌شتێكی ڕووته‌ن ڕاخرابوو. ئیتر هه‌تا دوورده‌ست هیچ شتێك به‌دی نه‌د‌كرا. ده‌نگی ته‌قه بۆ چه‌ند ساتێك له هیچ لاوه نه‌ده‌هات. سه‌یر بوو. من له ته‌نیشت هێڵه‌كه راوه‌ستابووم. دوایی داهاتمه‌وه و له حاڵێكدا تفه‌نگه‌كه‌م له باوه‌ش گرتبوو به‌له‌ز هه‌ڵاتم. كوت‌وپڕ دیتم له سه‌رووی سه‌نگه‌رێكم. قیت ڕاوه‌ستام و لاقه‌كانم لێك‌كرده‌وه. ئه‌و، له سووچی سه‌نگه‌ره‌كه‌دا خه‌ریكی جگه‌ره‌كێشان بوو. لووله‌ی تفه‌نگه‌كه‌م تێكرد. سه‌ری هه‌ڵبڕی. مرۆڤێكی سه‌یر بوو. خۆی گرمۆله كرد. ترسابوو. كاتێ ده‌سته‌كانی به‌رز كرده‌وه جگه‌ره‌كه له ناو ئه‌نگوسته‌كانی كه‌وته‌خواره‌وه. به تاقه‌چاوه‌كه‌ی له منی ڕوانی. چاوه‌كه‌ی‌تری خۆ چاو نه‌بوو، چاڵێكی برینداری كرمێ بوو. تێڕوانینی چاوه ساغه‌كه‌ی جۆرێك بوو، زۆر به خراپ سه‌یری ده‌كردم. منیش ده‌رفه‌تم پێنه‌دا و په‌نجه‌م له په‌له‌پیتكه‌كه توند كرد: ته‌ق ته‌ق ته‌ق.
تاران- 1361 ی هه‌تاوی
حجله: جۆره كۆته‌ڵێكه بۆ شه‌هید و جوانه‌مه‌رگی دروست ده‌كه‌ن. بریتییه له تاقیچه‌یه‌كی ڕه‌شپۆش كه به ده‌یان له‌ته ئاوێنه و مۆم و گڵۆپی داگیرساو و وێنه‌ی شه‌هید و جوانه‌مه‌رگه‌كه ده‌یڕازێننه‌وه.