ڕۆژی ١٤ی فێبرواریی هه‌موو ساڵێک، ڕۆژی گشتیی دڵان که به سویدی پێی ده‌ڵێن (Alla hjärtans dag) و له فینلاند هه‌ندێ جار به ڕۆژی هاوڕێ واتا (Vändag) ناودێری ده‌که‌ن، جێژن ده‌گیرێ. ڕۆژی ئاشقان ڕیشه‌ی له دابی حه‌زره‌تی ڤالنتاینی پیرۆزدا هه‌یه که له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له فه‌رانسه و بەریتانیا به‌ڕێوه ده‌چوو. هه‌ر بۆیه به ڕۆژی ڤالنتین یا ڕۆژی حه‌زره‌تی ڤالنتین یا ڤالنتاینیش ناوی ده‌برێ.
به جێژنکردنی ڤالنتاینی پیرۆز جاری یه‌که‌م له کڵێسه‌ی کاتۆلیکهکانهوه ده‌ستی پێ کرد ئه‌ویش له ساڵانی ٤٠٠ی دوای زایینه‌وه به‌ڵام هیچ زانیارییه‌کی ته‌واو له سه‌ر خودی ئه‌م ڤالنتاینه نییه. هه‌ر چه‌ند له ساڵانی ٢٠٠ و ٣٠٠ی زایینی‌دا چه‌ند دوکیۆمێنتێک له سه‌ر ئه‌م ناوه هه‌ن. به پێی دوکیۆمێنتێک له سه‌ده‌می ناوین، حه‌زره‌تی ڤالنتاین ئه‌ڤینداری کچی ئێشکچییه‌که‌ی خۆی بووه. هه‌ر ئه‌وه‌ش له چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌رده‌مدا دووپات بۆته‌وه.
په‌یوه‌ندیی ئه‌م چیرۆکه به ئه‌ڤین و رۆمانتیکیشه‌وه بۆ یه‌که‌م جار له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاسته‌وه هاته گۆڕێ و ڕیشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باڵنده‌کان له ناوه‌ڕاستی مانگی فێرواریدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن جووتی خۆیان بدۆزنه‌وه. ئه‌مه هانی کچان و کوڕانی داوه بیر له‌وه بکه‌نه‌وه کێ ده‌بێته ڤالنتاینه‌که‌یان، به واتایهکیتر یار و گراوییەک بۆ خۆیان بگرن، ئه‌ویش لانی که‌م بۆ ساڵێک. له سویدیش ئه‌م دابه وه‌ک گه‌مه‌یه‌ک هه‌بووه که کچان و کوڕان لێک جووت ده‌بوون، ئه‌ویش له ڕۆژی پینگستدا، واتا له ڕۆژی جێژنی ئایینیی كریستیانه‌کان كه ده‌كه‌وێته یه‌كشه‌ممه‌ی هه‌فته‌مین هه‌فته‌ی پاش جەژنی پۆسكه‌وه.
له بەریتانیا و فه‌رانسه‌ی ساڵانی ١۳٠٠دا ڕۆژی ڤالنتاین بوو به جەژنی گه‌نجان و ئاشقان و به‌ڕێوه‌چوونی گه‌مه‌ی لێکجووتبوون. ئه‌مه‌ش بوو به بنچینه‌یه‌ک بۆ پێکه‌وه لکاندنی ڤالنتاینی پیرۆز و خۆشه‌ویستی. له سه‌ده‌کانی ناویندا هه‌روه‌ها نامه‌نووسین به شێوه‌ی شیعر بۆ یار، بوو به باو و دواتر له ١٨٠٠ەکاندا کارتی ڤالنتاین چاپ کران که زۆربه‌یان به هه‌ودایه‌کی هاوریشمییه‌وه ده‌ڕازێنرانه‌وه. ئه‌مڕۆ ئه‌م جەژنه له گشت وڵاتانی ئینگلیزیزمان به‌ڕێوه ده‌چێ و گه‌نجان نامه‌ی ئاشقانه ده‌گۆڕنه‌وه و دیاریی بچووک ده‌ده‌نه یه‌کتر.
له سه‌ر ڕۆمانتیک و خۆشه‌ویستیش به‌سه‌رهاتی جۆراوجۆر هه‌ن، بۆ نموونه ئەوەی حه‌زره‌تی ڤالنتاین، مه‌سیحییه‌کی خاوه‌نبڕوا بووه که له سه‌ر قه‌ده‌غه‌بوونی ماره‌بڕینی کچان و کوڕانی گه‌نج، بێفه‌رمانیی قه‌یسه‌ر کلادیوسی کرد. به‌ر له‌وه‌ش له دار بدرێ توانیی کارتێک به په‌یامی خۆشه‌ویستی بگه‌یێنێته کچه زیندانوانه‌که‌ی حه‌زی لێ دەکرد.
ده‌گوترێ ڤالنتاین عاده‌تی بووە گوڵی باخچان بڕنێته‌وه و بیداته جووته‌ده‌زگیرانان. گوایا هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته باوی ئەوەی له ڕۆژی دڵان‌دا گوڵ له یه‌خه‌ی یار بدرێ.
له سوید ئه‌م جەژنه تا ساڵانی ١٩٦٠ به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو و گشتگر نه‌ده‌گیرا، دواتر به پێی هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندیی بازرگانی و کارتێکه‌ریی کولتووری ئه‌مریکایی، لێره‌ش په‌ره‌ی سه‌ند. به پێی زانیارییه‌ک له سه‌ر ماڵپه‌ڕی ڤیکیپیدیای سویدی بڵاوبۆته‌وه بۆ نموونه بازاڕچه‌ی “NK” هه‌وڵی گشتگربوونی ئه‌م نه‌ریته‌ی دا و ئه‌مه کاتێکی باشی خایاند. له ساڵانی ١٩٩٠دا ڕه‌وتی ئه‌م نه‌رێته خێراتر بۆوه و له فێرگه‌کاندا گرنگیی پێ درا و ئێستا له ڕۆژژمێری گشت قوتابخانه به‌رزه‌کاندا جێگه‌ی تایبه‌تیی خۆی په‌یدا کردووه.
ئه‌م دابه ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی له کوردستانیش سه‌ری هه‌ڵداوه و بێ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌که‌شی بزانرێ بڵاو بۆته‌وه و وێده‌چێ زۆرتریش په‌ره بستێنێ ئه‌مه له حاڵێکدایه که له وڵاتێکی وه‌کوو ئێران پێشوازیی خه‌ڵک و به‌تایبه‌ت لاوان له وه‌ها دابێک، بۆته ئاسایی هه‌رچه‌ند حوکوومه‌ت دژی په‌ره‌گرتنی وه‌ها دابێکه. به‌م ڕۆژانه ئه‌م هه‌واڵه‌ش بڵاو بۆوه که به‌ڕێوه‌چوونی وه‌ها ڕه‌سمێک له عه‌ره‌بستانی سعوودی قه‌ده‌غه کراوه و ئه‌و دووکانانەش که دیاریی تایبه‌تی ئه‌م ڕۆژه ده‌فرۆشن دەبێ تاوانە بدەن.
کورتی ببڕمەوە، دابه‌کان له هه‌ر کوێیه‌کی دونیاوه سەریان هەڵدابێ، له‌و شوێنه قه‌تیس ناخۆن و بڵاو ده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه نیشانه‌یه‌ک بێ له کولتووری یه‌کگرتووی مرۆڤی هاوچه‌رخ.