خوالێخۆشبوو کاک ”کریم حسامی” کەسایەتییەکی ناسراو لە شۆڕشی مۆدێڕنی نەتەوەی کوردە. دەستی قەڵەمی بەهێز بوو و لە هەندێک بارەوە کەسایەتییەکی شاز و تایبەتی بوو. ناوبراو کۆمەڵێک پەرتووکی نووسی و خزمەتێکی زۆری بە مێژوو و ئەدەبی نەتەوەی کورد کرد. بە هۆی ئەوە کە ساڵانێکی زۆر لە سەرۆکایەتی ڕامیاری تاقە حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو، خۆی تێکەڵاو بە زۆر ڕووداو و هەڵوێستی سەرکردایەتی کورد بوو. لایەنی بەهێزی تێکستە مێژووییەکانی ئەم هێژا بیرمەندە لەوەدا بوو کە بە پێی توانا و لە هەل و مەرجێکدا کە تۆڕی ئینتێرنێت و زۆر بواری ئاسایی ئەمڕۆکە لە بەر دەستیدا نەبوون، بەو حاڵەشەوە مێژوویەکی تا ڕادەیەک دۆکیومێنتاری تۆمار کرد. لە ناو ئەو سیاسەتوانانەی کە پەرتووکیان نووسیوە، ئەو لە یەکەم کەسەکان بوو کە هەوڵی دەدا بۆ لێدوان و دەربڕینەکانی خۆی بەڵگە و سەرچاوەی جێی متمانە بخاتە بەر دەستی خوێنەر، گەر تێزی دوکتووڕای گیانبەخت کاک دوکتوور قاسملوو لە بەر چاو نەگرین کە پێشتر لە تێکستەکانی خوالێخۆشبوو کاک ”کریم حسامی” نووسرابوو. نووسەرێکی بە توانا کە لە هەر شوێنێک بەڵگەیەکیشی لە مەڕ مێژووی کورد وە دەست نەکەوتبا، هەوڵی دەدا بە فاکتی لۆژیک و داڕشتنی پرسیاری سەرنجڕاکێش، تۆز لە سەر لاپەڕە ونبووەکان/ونکراوەکانی مێژوو لادا و خوێنەری خۆی لە لایەنی ڕاستەقینەیی مێژوو نزیک کاتەوە. لایەنی هەرە بەهێزی ئەم نووسەرە بیرمەندە لەوەدا بوو کە بە دەرکەوتنی بەڵگەی نوێ یان کەوتنە بەر ڕەخنە و بەرانبەر بوونەوە دەگەڵ پرسیار، خۆی لە ڕاستییەکان نەدەشاردەوە و پێداچوونەوەی تێکستەکانی خۆی دەکرد. خاڵیکی زۆر جوان کە لە دەگمەن نووسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی کراوە. هێژا کاک ”کریم حسامی” جیا لەو پەرتووکانەی کە بە چاپی گەیاندن، کۆمەڵێک وتار و مژاری سەرنجڕاکێشی لە سەردەمی نوێ بە چاپ گەیاند کە لە سوید بڵاو دەبۆوە. لە ژێرەوە جیا لە ناساندنی ماڵپەڕێکی تایبەتی کە بۆ کارەکانی ئەو دابین کراوە، دیمانەیەکی ئەو دادەنرێ کە جیا لە چەند خاڵی باسەکەدا، زۆر پسپۆڕانە لە سەر مێژووی کۆماری کوردستان دوابوو. مژارگەلی جۆراوجۆر لەم دیمانەدا قسەی لە سەر کرا و پرسیارەکانیش ورد و ڕوون بوون. هێژا کاک ”ناصر سینا” دیمانەکەی دەگەڵ خوالێخۆشبووی نووسەر لە ڕادیۆی نێونەتەوەیی زایەڵە ئەنجام دابوو.
دەقی دیمانەکە:
”ناصر سینا”: <<کوردەکان ”ملت”ێکی سەربەخۆن کە وڵاتی تایبەت بە خۆیان هەیە و وەکوو هەموو ”ملت”ێکی تر خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن.، کوردەگان ئیتر بە ئاگان و دۆستانێکی بەهێزیان هەیە>>.[1] ئەمە کورتەی قسەکانی ”قاضی محمد” بوو کە لە ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٤٦ی زایینیدا لە حاڵێکدا کە جلی ئەفسەرانی ڕووسی پۆشیبوو و مەیزەری لە سەر نابوو، لە بەرانبەر خەڵکی مەهاباد و سەرۆک عەشیرەکانی ناوچەدا دامەزراندنی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند. کۆماریک کە لەو کاتەوە تا ئێستا بووەتە رەمزی نیشتمانپەروەری و یەکێتی گەلی کورد. ”کریم حسامی” نووسەر و یەکێک لە چالاکانی سیاسی کە چەندین ساڵ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بوو و لە بارەی کۆماری کوردستانەوە چەندین وتار و کتێبی نووسیوە، لە سەر ئەم بڕوایەیە کە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد پاش ئەوە ڕووی دا کە کوردەکان دیتیان مەجلیسی ”ملی” کۆماری تازەدامەزراوی ”آذربایجان” بە ڕێبەرایەتی پیشەوەری[2] بە تەمایە هەموو هێز و دەسەڵاتێک لە کوردەکان وەرگرێتەوە و هیچ مافێکیان نەداتێ.[3]
”کریم حسامی”: دیارە ئەوە هەر وا کوت و پڕ نەبوو، لە پێش ئەویدا کە ئاڵای کوردستان لە ١٧ی سێپتەمبر هەڵکرا، ”هیأتی رئیسی ملی” دامەزرا و لە ”آذربایجان” کە ”حکومتی ملی”یان دامەزراند، ”هیأت”ێکیان لە حیزبی دێمۆکرات ”دعوت” کرد. ئەو ”هیأت”ە لەوێ وەک نوێنەری حیزبی دێمۆکرات[ی کوردستان] پێشوازیان لێ نەکرا، بەڵکوو وەک کوردەکانی ”آذربایجان”. نوێنەرەکە گەڕاوە وە ئەوە ”تأثیر”ێکی یەکجار زۆری کرد دە خەڵکدا و پێشەوا لە مێتینگی مزگەوتی سوور بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئێمە داوای خودموختاریمان دەکرد وە چوار ساڵە خودموختاریمان هەبووە دە نێو خۆمان دا، وە دەمانهەویست دە چوارچێوەی خاکی ”ایران”دا خودموختاریمان هەبێ، خەڵک کار بکا، دەوڵەتیش پێی ڕابگا بەڵام ئەوان بە تانک و تۆپ جوابی مەیان داوە. لە بەر ئەوەی ئێمە ”مجبور”ین کە ”استقلال” و ئازادی خۆمان ڕابگەیێنین. ئەوە ڕۆژی ٢٩ی مانگی ١١ی [ساڵی] ١٩٤٥ ە. لە دووی ڕێبەندان وایە کە کۆماری دێمۆکرات دامەزرا و وەک دەوڵەتیکی ”رسمی” ئەرتەشی خۆی، قانوونی خۆی، ”لقب”ی ئەفسەرانی گۆڕی، هێندێک قانوونی زۆر پێشکەوتووی دامەزراند و ئەرتەشی ”ملی” دامەزراند وە وەک دەوڵەتێکی ”رسمی”ش دەگەڵ دەوڵەتی ”آذربایجان” پەیمانی بەست و دەستی بە ”معاملە”ش کرد لەگەڵ دەوڵەتی ”اتحادی شوروی”. دیارە تەمەنی کۆماری کوردستان زۆر کەم بوو، یازدە مانگ بوو. لە ماوەی ئەو یازدە مانگە کاری زۆر گەورە کران. وەکوو زمانی کوردی، وەکوو خوێندن بە ”اجباری”، ”کمک” بە منداڵانی ”فقیر” و بەرەڵڵا و چێشخانە و خەستەخانە دروستکردن. بۆ هەوەڵینجار لە کۆماری کوردستان ئەو سنوورە دەستکردە لە نێو دەبا، دە نێوان کوردستانی ”عراق” و کوردستانی ”ترکیا”دا بۆ کوردەکان ئازاد بۆ هات و چۆ دەهاتن. پاشان بەشداری ڕووناکبیران و هێزەکانی کوردستانی ”عراق”، یەکیان لەوان مەلا ”مصطفی” بارزانی بوو کە ”دعوت” کرابوو دەوێدا بەشدار بوو وە بە ڕاستی کۆڵەکەی ”اساسی” پاراستنی کۆماری کوردستان بوو. پاشان لە ”سوریە”ی ڕا هاتبوون، بەشدار بوون، نامەی نوێنەرانی کوردەکانی ”ترکیا” کە ئێستا لە ڕۆژنامەی کوردستاندا هەیە، ڕووناکبیرانی کوردی ”عراق”، ئەوانە دەوریکی زۆر گرنگیان هەبوو لە خوێندن، لە ”درس” پێ کوتن، لە ڕێنوێنی. ئەفسەرانی ئەرتەشی کوردستانی ”عراق”ێ دەگەڵ بارزانی نەمر هاتبوون. ئەوانە هەموو دەوری گرنگیان هەبوو. لە ”تربیت”ی هێزی پێشمەرگەدا، هێزی بەرگری وە لە جەبهەدا. یەکیک لە هۆیەکانی شکانی کۆماری کوردستان، بەستنەوەی وی بوو بە ”آذربایجان”. چوونکە ”آذربایجان” بە ڕاستی حکومەتێکی کۆمۆنیستی لێ دادەمەزرا وە بەرەو یەکێتی دەگەڵ ”آذربایجان”ی سۆڤییەت دەچوو[4] وە ئەمریکا و ئینگلیس ئەوەیان پێ قبووڵ نەدەکرا. دیارە رووسیش لە ژێر ”تأثیر”ی درۆیەکانی ”قوام”ی [قوام السلطنە] و مەسەلەی نەفت و، ”امکان”ی ئەوەیان نەبوو کە شەڕێکی تازەش ساز کەنەوە دەگەڵ ئەمریکا و هەڕەشەی ئەمریکا و ئەوانە هەموو بوونە ”باعث” کە تەمەنی کۆماری کوردستان لە یازدە مانگ زیاتر تێنەپەڕی.
”ناصر سینا”: ”قاضی محمد” بە پێی هەڵبژاردن نەبوو بە سەرکۆمار، هۆیەکەشی ئەوە بوو کە کەسایەتی ”قاضی” لە باری سیاسی، دینی و کۆمەڵایەتی و پێگەی لە ناو خەڵکدا ”تقریبا” بێ هاوتا بوو. تەنیا کەسێک کە کتێبە مێژووییەکان وەک خەنیم بۆ ”قاضی محمد” ناویان هێناوە، ”سێد عبدالڵه افندی”یە کە گوایە ڕووسەکان زۆریان حەز لێ نەبووە، هەر بۆیەش مەیدانی پێ نەدرا.[5] کابینەی حکومەت و ناوی وەزیرەکان، بیست ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی کۆمار لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئۆرگانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ”ایران” بڵاو کرایەوە.[ناوی ”ایران” دەگەڵ ناوی حیزب نەبووە. ئۆرگانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دروستە]. وەزیرەکان سێ تایبەتمەندی هاوبەشیان هەبوو. هەموو ئەندامی حیزبی دێمۆکرات بوون، هەموو مەهابادی بوون و سەر بە چینی مام ناوەندی شارنشین.[6] ”حاجی بابە شێخ” نەبێ کە بۆکانی بوو، بە سەرۆک وەزیر هەڵبژێردرا، بەڵام لە ڕاستیدا کار و باری بەڕێوەبردن بە دەست سەرکۆمار بوو وە سەرەک وەزیر تەنیا شێوەیەکی ڕواڵەتی و ”تشریفات”ی هەبوو. ڕەنگە هەر لە بەر ئەمەش بێ کە ئەم کۆمارە گەلێ جار بە کۆماری مەهاباد ناودێر کراوە، نەک کۆماری کوردستان. هەڵبەت ”کریم حسامی” دەگەڵ ئەم ڕایە نییە.
”کریم حسامی”: نەخێر کۆماری مەهاباد نییە. نووسەرانی بێگانە کە نووسیویانە، هەموو بە نێوی کۆماری کوردستانی ناو دەبەن.[7] ”درک کینان” یەکێک لە نووسەرەکانە، دەڵێ: <<کوردەکانی ئەستەمبوڵ و بێرووت و بەغدا ڕوویان دە کۆماری مەهاباد دەکرد [ناوی مەهابادی بە هەڵە بە سەر زاری دا هاتبوو] چاویان لەوە بوو تا بزوتنەوەی ”قاضی محمد” سەر بکەوێ یان نا>>، وە بە ڕاستیش کۆماری مەهابادیش نییە. چوونکە نوێنەرانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە دامەزرانی و لە پاراستنی و لە بردنە پێشی و لە هەموو شتێکیدا بەشدار بوون وە بە کۆماری خۆیانیان زانیوە. نموونەشی هەر ئەوەیە وەک دەبینین ئێستا سروودی کۆماری کوردستان بۆتە سروودێکی ”ملی” کورد، مەبەستم سروودی ئەی رەقیبە.
”ناصر سینا”: کۆماری یازدە مانگەی کوردستان تا بەر لە چوونە دەری هێزەکانی سووپای سوور، بەرەو سەربەخۆیی و جیابوونەوەی کوردستان دەچووە پێش، بەڵام پاش چوونە دەری ڕووسەکان لە ”ایران” مەسەلەی دێمۆکراسی بۆ ”ایران” و خودموختاری بۆ کوردستان هاتە پێش. ”کریم حسامی”ش کۆماری کوردستان بە حکومەتێکی سەربەخۆ ناو دەبا، نەک خودموختار.
”کریم حسامی”: تەواوی بەڵگەکانی کۆماری کوردستان وە هەموو ڕۆژنامەی کوردستان یەک ووشەی خودموختاری تێدا نییە، بەرنامەی حیزبی دێمۆکرات بەرنامەی خودموختاری بووە[هەڵەیە.8] بەڵام گۆڕانێکی بە سەردا هاتووە، دەوڵەتێکی پیک هاتووە دەوڵەتێکی سەربەخۆیە. ڕۆژنامەی کوردستان هەوەڵ ڕۆژی دامەزرانیدا دەڵێ ڕۆژی ”استقلال” و ئازادی کوردستان ئێمە جێژن دەگرین [مەبەستیان هەوەڵ ڕۆژی دامەزرانی کۆمارە نەک دامەزرانی ڕۆژنامە]. پاشان خودموختاری پەیمانێکە لە بەینی دەوڵەتی ”مرکزی” و ناوچەکەدا، هیچ پەیمان و شتی وا لە گۆڕێ نەبووە. پاشان نەبووە خودموختاری بۆ خۆی ئاڵا هەڵ بکا، ”رئیس جمهور دابمەزرێنێ”، دەوڵەتێک، وەزیر، حکومەتی ”ملی” دابمەزرێنێ، قانوونی تایبەتی دابنێ، ئەرتەشی تایبەتی دروست بکا، نێوی ئەفسەران بگۆڕێ، ئاڵای دەوڵەتەکەی بگۆڕێ. دە وڵاتێکی ”شاهنشاهی”دا خۆ ناتوانێ ئاڵاکەی بگۆڕێ. کورد بۆ خۆی کۆمارێکی دروست کردووە، ٤٦ [١٩٤٦ مەبەستی بەڕێزیانە]. دەوڵەتێکی دروست کردووە، ”رئیس جمهوری” هەبووە، ئەرتەشی هەبووە، ئاڵای هەبووە، سروودی هەبووە، پاش ٥٥ ساڵ ئێستا من بڵێم خودموختار بووە؟ لە چی بترسێم؟ بۆچی وە بڵێم؟