لە گوێن “یاسای زمان” کە هاوینی ساڵی ٢٠٠٩ پەسند کرا، سویدی زمانی ڕەسمیی وڵاتی سوید نییە، بەڵکوو زمانی سەرەکییە. بەم مانایە کە سویدی، زمانی هاوبەشی کۆمەڵگای سویدە و هەموو دانیشتووانی وڵات و لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتیدا دەتوانن بە کاری بێنن. دەوڵەت و دەزگەکانی حوکوومەتیش بەرپرسیی تایبەتیان هەیە لە بەکارهێنران و گەشەیدا.
یاسای زمان هەروەها زمانی ئیشارەی سویدی و پێنج زمانی کەمینەی نەتەوەیی وڵاتیش بەو پەڕی هێزەوە دەپارێزێ کە بریتین لە فینلاندی، ییدیش (زمانی جوولەکەکانی ئەشکەنازی)، مێئەنکیەلی (زمانی تایبەتی دانیشتوانی دۆڵی تۆرنێ، هاوبەش لەنێوان سوید و فینلانددا)، رۆمەنی چیب (زمانی قەرەجان) و سامەیی (ئورالی). دەوڵەتی سوید و دەزگەکانی حوکوومەتی، ئەرکی پاراستن و گەشەی ئەم زمانانەشیان وەک بەرپرسیەکی تایبەت لەسەر شانە.
هاوکات گشت ئەو کەسانەی زمانی دایکیان شتێکی جودایە لە سویدی، زمانی ئیشارەی سویدی و ئەو پێنج زمانانەی کەمەنەتەوەکان، ئەوا دەبێ دەرفەتیان بدرێتێ زمانی دایکی خۆیان پەرە پێ بدەن و بە کاریشی بێنن.
جێی باسە کە زمانی سویدی لە ساڵانی ١٥٠٠دا زمانی ڕەسمیی ئیداری و دینیی وڵاتی سوید بووە، بەڵام بەگوێرەی “یاسای زمان” چیدی پێویست ناکا بە زمانی ڕەسمیی وڵاتی سوید دابنرێ و ئەم پێگە تاقانەیەی بدرێتێ.
زمانی سویدی لە وڵاتی فینلاندیش بە یەکێک لە دوو زمانە نەتەوەییەکەی ئەم وڵاتە دادەنرێ. ڕێک وەک زمانی فینلاندی. هاوکات تاقەزمانی ڕەسمیی دورگەی خودموختاری ئۆلەندە، سەر بە فینلاند، چون زیاتر لە ٩٧ لەسەدی دانیشتوانی بەم زمانە قسە دەکەن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژمارەی ئاخێڤەرانی زمانی مێئەنکیەلی: لە نێوان ٤٠ تا ٧٠ هەزار کەسن.
زمانی جیدی: نزیکەی ٤ هەزار کەس لە سوید.
زمانی ڕۆمەنی لە هەموو ئەورووپادا: ١٤ تا ١٧ میلیۆن کەس.
زمانی سامەیی لە سوید، نەرویژ، فینلاند و ڕووسیا: نزیکەی ٣٠ هەزار کەس.
زمانی فینلەندی لە فینلەند، سوید و ڕووسیا: نزیکەی پێنج میلیۆن کەس
زمانی سویدی، لە سوید و فینلەند: سەرجەم نزیکەی دە و نیو میلیۆن کەس.